وێنە: تاتو له‌نێو كچانی کورددا بووه‌ته‌ مۆدێل

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/06/2018‌ :: 38644‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، سامان قوبادى 
هاوشێوه‌ى كوڕان، تاتوكردن له‌ناو كچاندا زیادیكردووه‌و بووه‌ته‌ مۆدێل، هه‌ر كچێكیش ته‌مه‌نى له‌ 16 ساڵ كه‌متر بێت ده‌بێت ره‌زامه‌ندى كه‌سوكارى وه‌ربگیرێت، پاشان بۆى ده‌كرێت، هاوكات چه‌ند مه‌رجێك هه‌یه‌ بۆ تاتوكردن له‌سه‌ر جه‌سته‌ى كچان.


یه‌كێك له‌و كچانه‌ى تاتوى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى كردووه‌، به‌ناوى جوان جه‌لال كه‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵه‌ و خوێندكارى زانكۆیه‌، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "ناوى خۆشه‌ویستترین كه‌س كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌مه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌م نه‌خشاندووه‌، ئه‌مه‌ به‌هۆى خۆشه‌ویستى له‌راده‌به‌ده‌ره‌ بۆ ئه‌و، بۆ یه‌كه‌مجاریشه‌ تاتۆم له‌سه‌ر جه‌سته‌م كردووه‌، زۆریش حه‌زم لێى نییه‌ و تاتوى تر ناكه‌م".

هاوكات یه‌كێكى تر له‌و كچانه‌ى تاتوى گوڵى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى كردووه‌، به‌ناوى هێلین سه‌ردار بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو "ته‌نها وه‌كو هیوایه‌تێكى خۆم تاتوم كردووه‌، پێشموایه‌ تاتوكردن بۆ كچان ئاساییه‌ هاوشێوه‌ى كوڕان، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر هه‌موو شوێنێكى جه‌سته‌".

سه‌باره‌ت به‌ زیادبوونى تاتۆكردن له‌ناو كچاندا، دیار تاهیر خاوه‌نى سه‌نته‌رى سولى ئینك بۆ تاتوكردن له‌ شارى سلێمانى بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "تاتو بۆ یه‌كه‌مجار له‌ناو هیندیه‌ سوره‌كانه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و دواتر گه‌یشته‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، تاتو هونه‌ره‌ كاتێك كه‌سێك ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌ك له‌سه‌ر جه‌سته‌ى بنه‌خشێنرێت، كه‌ ده‌كرێت به‌ تاتو له‌ وێنه‌ راسته‌قینه‌كه‌ ناچێت، دواتریش لێنابێته‌وه‌ یان زۆر به‌ قورسى لاده‌برێت و شوێنه‌كه‌ى نابێته‌وه‌ به‌ پێسته‌كه‌ى پێشتر".

ده‌ڵێت "كچان زیاتر له‌وه‌ دڵنیا ده‌بنه‌وه‌ كه‌ بچنه‌ لاى كێ تاتو بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ خه‌ڵكیان بینیوه‌ كه‌ تاتوى ناشرین و خراپى بۆ كراوه‌، بۆیه‌ ئێستا زیاتر دڵنیا ده‌بنه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ى كه‌ تاتۆى تێدا ده‌كه‌ن، پاشان رووى تێده‌كه‌ن، تاتوش په‌یوه‌ندیى به‌ چاولێكه‌رییه‌وه‌ نییه‌".

خاوه‌نى ئه‌و سه‌نته‌ره‌ بۆ تاتوكردن ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات "له‌ئێستادا به‌راورد به‌ جاران ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى تاتو ده‌كه‌ن رووى له‌ زیادبوون كردووه‌، كچان زیاتر له‌ كوڕان تاتو له‌سه‌ر جه‌سته‌یان ده‌كه‌ن".

ناوبراو ده‌ڵێت "هه‌ندێك تاتو هه‌یه‌ ده‌بێت شوێنه‌كه‌ى بۆ بگونجێت، ناكرێت تاتوى سه‌رشان له‌سه‌ر قۆڵ بكرێت، هاوكات له‌خوار ته‌مه‌نى 18 ساڵه‌وه‌ تاتو بۆ هیچ كه‌سێك ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر بشكرێت له‌ ته‌مه‌نى 16 ساڵییه‌وه‌ ده‌كرێت، ده‌بێت دایك یان باوكی له‌گه‌ڵیدا بێت و فۆڕمێك پڕبكه‌نه‌وه‌و واژۆى بكه‌ن، پاشان تاتوى بۆ ده‌كرێت، له‌ئێستادا زیاتر ئه‌و گه‌نجانه‌ى ته‌مه‌نیان له‌نێوان 20 بۆ 30 ساڵیدایه‌ دێنه‌ لامان و تاتو ده‌كه‌ن،  زۆربه‌یان خوێندكارى زانكۆ و په‌یمانگان یان فه‌رمانبه‌رن".

له‌باره‌ى به‌ خراپى تاتوكردن و مه‌رجه‌كانى بۆ ئه‌و كچانه‌ى ده‌یانه‌وێت بیكه‌ن، دیار تاهیر وتی "تاتو لایه‌نى خراپى هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ ده‌چیته‌ چ شوێنێك بۆی بكرێت، تاوه‌كو به‌شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست ئه‌نجامبدرێت، ئه‌گه‌ر تاتویه‌كى پاك نه‌بێت كه‌سه‌كه‌ توشى نه‌خوشى ده‌بێت، ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ى ئێمه‌ بۆ یه‌ك كه‌س به‌كاریده‌هێنین دواتر فڕێی ده‌ده‌ین، هه‌ر كچێك كه‌ بیه‌وێت تاتو بكات نابێت نه‌خۆشى پێست و ڤایرۆسى جگه‌ر و ئایدز و شه‌كره‌ى هه‌بێت، هه‌روه‌ها نابێت دووگیان بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ى هه‌بێت ناتوانێت تاتوی بۆ بكرێت".

به‌وته‌ى خاوه‌نى سه‌نته‌رى سولى ئینك ئه‌و شوێنانه‌ى جه‌سته‌ كه‌ تاتوى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن وه‌ك قۆڵ و قاچ و شان و پشت، ئه‌گه‌رنا له‌ شوێنى هه‌ستیارى سه‌ر جه‌سته‌ى كچ نایكه‌ین، ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌ هاوسه‌رگیرى كردبێت، پێویسته‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌گه‌ڵدا بێت و رازى بێت، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر شوێنى هه‌ستیار نایكه‌ین، چونكه‌ كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى لێدروست ده‌بێت، له‌ئێستادا بۆیه‌ كچان زۆر تاتو ده‌كه‌ن، چونكه‌ شوێنى ته‌ندروست زۆره‌".

ده‌ڵێت "ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م زۆربه‌ى كچانى سلێمانى برۆیان سه‌قه‌ت كراوه‌ له‌ لایه‌ن ئارایشتگاكانه‌وه‌، چونكه‌ هیچ ئه‌زمونێكى نییه‌، كچان زیاتر حه‌زیان له‌ تاتوى گوڵ و په‌پوله‌ و نوسینه‌، هه‌یه‌ نه‌خشێكى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت دروستى بكات، ئه‌مه‌ ده‌لاله‌ت له‌ شتێكى تایبه‌ت ده‌كات به‌خۆى، هه‌یه‌ كه‌سێكى خۆشده‌وێت ناوه‌كه‌ى ده‌نوسێت له‌سه‌ر جه‌سته‌ى، رۆژانه‌ش سێ ئیش زیاتر ناكه‌ین، تاتو كاتى ده‌وێت و نابێت قه‌له‌ق بیت، به‌رپرسیارێتى زۆره‌، تاتو هه‌یه‌ یه‌ك هه‌فته‌ى پێده‌چێت، هه‌یه‌ له‌ 20 خوله‌كدا ته‌واو ده‌بێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure