بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسییه‌ك ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/06/2018‌ :: 41092‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
چەند ساڵێکە گۆشتفرۆشتن لەشەقام و شاڕێکان بۆتە دیاردە و گۆشتەکانیان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت و گومانی گواستنەوەی نەخۆشییه‌ مەترسیدارەکانیشی لێدەکرێت.

‌د.رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند "فرۆشتنی گۆشتی مۆرنەکراو لەسەرشەقامەکان لەلایەن تەندروستی و ڤێتنەرییەوە مۆڵەتی پێنەدراوە و ئەو گۆشتەشی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت زیانی بۆ تەندروستی ھاوڵاتیان ھەیە".

ڕاشیگەیاند "شاڕێکان و سەرشەقامەکان شوێنی فرۆشتنی گۆشت نییە، چونکە ئەو پیشه‌یه‌ پێویستی بە شوێنی گونجاوی دوور لە تیشکی خۆر و ئامێرەکانی ساردکردنەوە و پاکوخاوێنی ھەیە، بەڵام تۆز و خۆڵی شەقامەکە لەسەر گۆشتەکە ئەنیشێت و پیسی دەکات".

وتیشى "پشکنینی تەندروستی بۆ ئەو کەسانەی کاری گۆشتفرۆشتن لەسەر شەقامەکان دەکەن نەکراوە، تا بزانرێت كه‌هه‌ڵگری ھیچ نەخۆشیەک یاخود نەخۆشی ناگوازراوه‌ نین".

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی، بۆ سەلامەتی تەندروستی ھاوڵاتیان داوا دەکات خۆیان لە کڕینی ئەو گۆشتە بەدور بگرن و لەو شوێنە نافەرمی و ‌ناتەندوستانە گۆشت نەکڕن، چونکە گومانی نەخۆشیەکانی سکچون و رشانەوە یاخود تا ماڵتا و نەخۆشیە ترسناکانەی تری لێدەکرێت.
 
پشکنین بۆ گۆشتی سەرشەقامەکان ناکرێت.

 لە کوشتارگەکاندا پێش سەربڕین لەلایەن پزیشکی ڤێتێرنەریەوە پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکرێت، دوای سەربڕینیش بەھەمان شێوە جارێکی تر پشکنین بۆ گۆشتەکەیان دەکرێتەوە،‌ پاشان بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی مۆری دەکات، لە کاتی ھەبوونی ھەرجۆرە نەخۆشیەک ئاژەڵەکە لەناودەبرێت.  
 
 د. بورھان عومەر، لێپرسراوی بەشی کوشتارگەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی بەدوادۆژی ڕاگەیاند "بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی گۆشتی تەندروست بۆ ھاوڵاتیان، لە کوشتارگەکاندا پشکنین بۆ ئەو ئاژەڵانە دەکرێت کە دەھێنرێن بۆ سەربڕین، پاش دڵنیابوونەوە لەوەی ئاژەڵەکە کە ھەڵگری نەخۆشی نییە و لەلایەن کەسانی تایبەتەوە ‌لە کوشتارگەکان سەردەبڕرێن".

ڕاشیگەیاند "لەکاتی نەبوونی نەخۆشی لە گۆشتی ‌ئاژەڵە سەربڕاوەکە، لە ساردکەرەوەی کوشتارگەدا ١٢ بۆ ٢٤ کاتژمێر دەمێنێتەوە، پاشان گۆشتەکە رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت".
 
رونیکردەوە "لەبەر ئەوەی گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی لە شەقامەکان دەفرۆشرێت بە رێکارەکانی پشکنینی ڤێتێرنەری و تەندروستی کوشتارگەکاندا نەڕۆیشتوە و گومانی ھەبوونی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی (تای خوێن بەربوون، کرمی ‌ناو گۆشتەکە و کیسی ئاوی ‌)ی لێدەکرێت، گۆشتەکە شیاوی خواردن و بەکارھێنان نیە و یەکێکی تر لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان ھەبوونی مشەخۆرەکانی خوێنە لە گۆشتەکەدا،‌ کە ڕەنگی گۆشتەکە بۆ زەرد دەگۆڕێت و لەکاتی دەرکەوتنیدا پێویستە ئاژەڵەکە بسوتێنرێت.‌
 
لێپرسراوەکەی کوشتارگەکانی ڤێتێرنەری سلێمانی ھەڕەشەی سزادان لەوکەس و شوێنانەی دەکات سەرپێچی دەکەن و مۆڵەتی کارکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڤێتنەری و تەندروستی وەرگرتوە دەڵێت "پێویستە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بن لە ‌ھەبونی گۆشتی مۆرنەکراو لە شوێنەکەیاندا خاوەنەکانیان روبەروی سزای قورس دەبنەوە".
 
سەپێچیکاران رادەستی دادگا دەکرێن
لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەت بە ھاوکاری لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی، رۆژانە ‌چاودێری شەقام و شاڕێکان دەکەن و دەست بەسەر گۆشتی ئەو ئاژەڵانەدا دەگرن کە بەنایاسایی و بەدەر لە رێنماییە تەندروستی و ڤێتنەرییەکان سەردەبڕدرێت و بە ھاوڵاتیانی دەفرۆشن.
 
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکان بەدواڕۆژی وت "لیژنە تایبەتمەندە‌کان کە نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڤێتنەری و تەندروستی تێدایە بە ھاوکاری لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی چاودێری ئەو شەقام و شاڕێیانە دەکەن کە بەنایاسایی ئاژەڵی لێسەردەبڕدرێت".
 
وتیش "داواکاری گشتی سەربڕینی ئاژەڵ و فرۆشتنی گۆشتەکەی لەسەر شەقامەکان بە تاوانی بینراو (الجریمە المشھودە) ناوبردووە، بە نوسراوی فەرمی داوای دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانەی کردوە، لەلایەن پۆلیس و ‌دادگا بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەریان".
 
دەشڵێت "لەچەند رۆژی رابردوودا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی سەربڕاودا گیراوە لەگەڵ ئەو پێداویستیانەی لەلایەن گۆشتفرۆشەکانەوە بەکاردەھێنرێت، گۆشتەکە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی کراوە بۆ لەناوبردنی، ھەروەھا رێکاری پێویست بەرامبەر بە خاوەنەکانیان دەگیرێتەبەر".
 
سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەکات؛ بۆ سەلامەتی تەندروستیان ئەو گۆشتە نەکڕن، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەنەرییەوە پشکنینی بۆ نەکراوە و لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت، لەکاتی ھەبوونی لە شەقام و کۆڵانەکان لەڕێی ژمارە (٠٧٧٠٨٦٧٧٧٧٧)‌ یاخود تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لاپەڕەی فەرمی (قائیمقامیەتی سلێمانی)ەوە لیژنە ھاوبەشەکان ئاگادار بکەنەوە.‌



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە