بەرپرسێكی كورد لەكەركوك: رێگە نادرێت بەشداری كۆبونەوە ئەمنییەكان بكەین

هەواڵ / کوردستان :: 16/06/2018‌ :: 1250‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
بەرپرسێكی كورد لە پارێزگای کەرکوک ئاشكرایكرد، لەدوای دەستبەكاربوونی راكان سەعید وەكو پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، رێگەی نەدراوە بەشداری لەكۆبونەوەی لیژنەی ئەمنی باڵای پارێزگاكە بکات، دەشڵێت "یاداشتێکم لەو بارەیەوە داوەتە نەتەوەیەكگرتووەكان".


ئازاد جەباری، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژی وت "لە دوای دەستبەكاربوونی وه‌ك پارێزگاری كەركوك، راكان سەعید رێگا نادات وەك سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگا ئامادەی كۆبونەوەی لیژنەی ئەمنی ببم و زانیارییەكان لەگەڵ یەكتر ئاڵوگۆڕبكەین".

وتیشی "راكان سەعید وەكو سەرۆكی لیژنەی ئەمنی باڵای كەركوك بۆ رێگریكردن لەبەشداریكردنم بیانوی ئەوەیە، كە لەكۆبونەوەكاندا بەرپرسە ئەمنییەكان پرسی هەستیار تاوتوێدەكەن و ناوی كورد دەهێنن، بۆ رێگریكردن لەئاڵۆزبوونی دۆخی دانیشتنەكانیش رێگا نادات بەرپرسانی كورد بەشداربن".

ئەوەشی خستەڕوو، كە لەبری ئەو وەكو سەرۆكی لیژنەكە، مامەڵە لەگەڵ  "بورهان مزهر عاسی " دەكەن كە ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنەو لە كوتلەی عەرەبییە و ئامادەی كۆبونەوەكان دەبێت.

ئازاد جەباری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە سەبارەت بەرێگریكردن لەبەشداریكردنیان لەكۆبونەوە ئەمنییەكاندا یاداشتی داوەتە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە بەقسەی خۆی " جێگا سەرسوڕمانی نێردەی نەتەوەیەكگرتوەكان بووە لەعێراق و بەڵێنی داوە كە یاداشتەكەی بگەیەنێتە بەرپرسانی عێراق بەسەرۆك وەزیرانیشەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure