دژەتیرۆری عێراق رەتیدەکاتەوە ژنێکی کوردی لەکەرکوک کوشتبێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/06/2018‌ :: 766‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
دوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی كورد، كارمەندانی دژەتیرۆری عێراقی، بەكوشتنی ژنێكی كورد تۆمەتباركرد، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكانی دووەمی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رەتیكردەوە، بەتەقەی پاسەوانەكانی دەزگاكەی، ئەو ژنە كوردە كوژرابێت.


لیوا روكن، موعن سەعدی، لەراگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ دواڕۆژ هاتووە رونیكردوەتەوە، تیرۆریستان لەرێگەی ئۆتۆمبێلێكەوە لەسەر رێگەی كەركوك - هەولێر بە نارنجۆكێك هێرشیان كردوەتە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازی كە ئەركی پاسەوانێتی بارەگای دژەتیرۆرە،  دواتر لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی دیكەوە دەستڕێژی گولە لەهێزەكانمان كرا تا رێگەی هەڵاتن بۆ تیرۆریستەكان بكاتەوە، لەو ساتەوەختەشدا فیشەكەكانیان بەر ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانە كەوتووە و ژنێك گیانی لەدەستدا و 3 كەسی دیكەی خێزانەكەش برینداربوون.

لەراگەیەنراوەكەدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ كە كارمەندانی دەزگای دژەتیرۆر راهێنانی چڕوپڕیان بۆ ئەو جۆرە روداوانە پێكراوە و لەئەركەكانیشیاندا پیشەیین و رەچاوی مافەكانی مرۆڤ دەكەن، هەرگیزیش كەسانێك لەنێوانیاندا نییە پابەندی رێنماییە سەربازییەكان نەبێت.

دوو رۆژ پێش ئێستا بەهۆی رووداوی هێرشكردنە سەر بارەگای دژەتیرۆری عێراق لەگەڕەكی شۆراو ژنێكی كورد كوژرا و 3 كەسی دیكەی خێزانەكەشی برینداربوون.

دوای رووداوەكەش رێبوار تەها، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كارمەندانی دەزگای دژەتیرۆری بەتەقەكردنی هەڕەمەكی و كوشتنی ئەو هاووڵاتییە تۆمەتباركرد و داوایكرد سەرۆك وەزیران و فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆر لیژنەیەك بۆ دوبارەنەبونەوەی ئەو حاڵەتە پێكبهێنن و تاوانباران رادەستی دادگا بكەن، هۆشداریشیدا كە بابەتەكە هەستیارە و فەرامۆشكردنیشی دۆخێكی مەترسیدار دەخوڵقێنێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure