نێچیرڤان بارزانی: دوای جەژن گفتوگۆی چڕ و پڕ لەبەغدا دەستپێدەكەین

هەواڵ / کوردستان :: 15/06/2018‌ :: 571‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "پشتگیری هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەك دەكەین کە هەوڵی دەربازبوون لەو قەیرانە و رزگارکردنی پرۆسەی سیاسی عێراق دەدات. وتیشی "ئەگەر دەستپێشخەرییەكەی عەبادی هاوپەیمانییەکی فراوان دادەمەزرێنێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كارا، ئەوە پێشوازی لێكراوە."


نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ رووداو وتوێتی "پارتی دیموكراتی کوردستان و گەلی كوردستان هەوڵی دەرچوون لەو قەیرانە دەدەن كە هەڕەشە لە كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكات".

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی پارتەکەی دەربڕی بۆ دەستپێشخەرییەکان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و رایگەیاند "پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەك دەكات بۆ هەوڵی دەرچوون لەو حاڵەتە سیاسییە ناسەقامگیرە لە عێراق و گەڕانەوە بۆ كاركردن لەسەر بنەمای دەستوور و كاركردن بە یاسا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بە دەستپێشخەرییەکی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت: "ئەگەر دەستپێشخەرییەكەی دكتۆر حەیدەر عەبادی ، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەبێتە هۆی دەستپێكردنی گفتوگۆی جیدی لەپێناو دامەرزاندنی هاوپەیمانییەتێكی فراوان و ، لە چوارچێوەی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا بتوانێت زۆربەی كێشەكانی ناوخۆ و دەرەوە چارەسەر بكات كە عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە ، ئەوە پێشوازی لێكراوە".

هەروەها جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێمەش چاومان لەوەیە بۆ ئەم مەبەستە دوای كۆتاییهاتنی پشووی جەژن گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانە لە بەغدا لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستپێبكرێت لە پێناو ئەو ئامانجە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure