پۆلیسی سلێمانی ئاماری رووداوەکانی مانگی رەمەزانی راگەیاند

هەواڵ / کوردستان :: 14/06/2018‌ :: 973‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایدەکات، لە مانگی رەمەزاندا ٣٤ تۆمەتبار بە هۆکاری دزیکردن و رێگریکردن لە هاوڵاتیان دەستگیرکراون.

ئەمشەو پێنجشه‌ممه‌ ١٤ى حوزه‌یران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا عەمید سەردار مەحمود، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ رۆژانی جەژن و سەرجەم تیمەکانیان بە هاوکاری ئاسایش و بەرگری فریاکەوتن لە گەڕەکەکان و شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان ئامادەدەبن بۆ پاراستنی هاوڵاتیان".

وتیشی "یەکەم رۆژی جەژن رێگە بە سەردانیکردنی بەندکراوانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی نادرێت، بەڵام دووەم رۆژ بۆ ژنان و سێهەم رۆژیش سەردان بۆ پیاوان دەبێت لە کاتژمێر ٩:٠٠ بۆ ۱۱:٠٠ی پێشنیوەڕۆ دەبێت".

عەمید سەردار ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی پۆلیس لە مانگی رەمەزاندا ۱۱ تۆمەتبارییان بەهۆی دزینی پێنج ئۆتۆمبێل، ۱۵ تۆمەتباریشیان بەهۆی دزینی کەلوپەلی ماڵان دەستگیرکردووە، هەروەها شەش تۆمەتباری دیکەشیان بەهۆی دزینی کەلوپەلی ناو ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان و ناو دوکانەکان دەستگیرکردووە، ئەمە جگە لەوەی دوو کەسیشیان بە تۆمەتی رێگریکردن لە هاوڵاتیان لەناو بازاڕ دەستگیرکردووە، کە بەپێی چەند ماددەیەکی جیاواز راگیراون.

بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی داواشی لە هاوڵاتیان کرد، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو پەیوەندی بکەن بە ژمارەکانی پۆلیس (۱٠٤ و ۱٠۵) تا بەزوویی بە هانایانەوە بچن.

جەختیشی کردەوە، سلێمانی شارێکی ئارامە و هاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە لە پاراستنی سەر و ماڵیان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure