ده‌سته‌ی گه‌شتوگوازر: هه‌ر كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاری مۆڵه‌ت تازه‌ نه‌كاته‌وه‌ رێگه‌ی پێنادرێت كاربكات

هەواڵ / کوردستان :: 15/06/2018‌ :: 448‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌ 100 كۆمپانیای ده‌ره‌كی له‌ رۆژانی جه‌ژندا گه‌شتیار بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنن، ده‌شڵێت "كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان زیاتر گه‌شتیاری ناوخۆ ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و بایه‌خ به‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ناوخۆ ناده‌ن."


نادر روستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "بۆ رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، زیاتر له‌ سەد کۆمپانیای گه‌شتیاری عێراقی بەردەوام ریکلام بۆ ناساندنی شوێنەکانی گەشتیاری لەهەرێمی کوردستان دەکەن و گەشتیار دێنن بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان."

وتیشی "ئه‌و كۆمپانیا عێراقیانه‌ داهاتێكی باش  بۆ ناوخۆی  هەرێمی كوردستان دێنن و له‌هه‌مانكاتدا لە هەرێمی کوردستان گەشتی ناوخۆیی بۆ هاوڵاتیان و ئاوارەکان رێکدەخەن و ئەیانبەن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی و دهۆک و هەولێر."

نادر روستی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رچی کۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی خۆماڵییه‌ تەنیا ریکلام بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ دەکەن و گەشتیاری کوردستان و پارەی کوردستان بۆ دەرەوە دەبەن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ كۆمپانیاكانی خۆمان له‌ ناوخۆی هه‌رێم كار ناكه‌ن و به‌شێكیشیان شاره‌زایی كاری په‌ره‌پێدانی گه‌شتیارییان لاوازه‌."

به‌ پێی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار، 300 كۆمپانیای گه‌شتیاری ناوخۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، له‌و رێژه‌ ته‌نها پێنج كۆمپانیا له‌ناوخۆی هه‌رێم كار ده‌كه‌ن و بایه‌خ به‌ گواستنه‌وه‌ی گه‌شتیار بۆ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن ئه‌وانه‌ی تر كاره‌كانیان بردنی گه‌شتیاری ناوخۆیه‌ بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌."

پێشتر حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریدا هه‌ر كۆمپانیایه‌ك گه‌شتیار له‌ ناوه‌وه‌ی هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ ببات ده‌بێت چوار ملیۆن دینار رسومات بدات و ئه‌گه‌ریش له‌ده‌ره‌وه گه‌شتیار بێنێت بۆ ناوخۆی هه‌رێم ئه‌وا ته‌نها  50 تا 75 هه‌زار دینار رسومات ده‌داته‌ حكومه‌ت، به‌ڵام وته‌بێژه‌كه‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ئاشكرایده‌كات، ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌ت هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر كاری كۆمپانیا گه‌شتییارییه‌كانی هه‌رێم دروست نه‌كردووە.  

روونیشیكرده‌وه‌ "ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار رێگری له‌ هیچ كۆمپانیایه‌ك ناكات كه‌ گه‌شتیاری ناوخۆ بباته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام گرنگه‌ كۆمپانیاكان بایه‌خ به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری ناوخۆیی بده‌ن، هه‌روه‌كو پێشتریش پێمان راگه‌یاندوون كه‌ گه‌ر كۆمپانیایه‌ك 100 گه‌شتیار بباته‌ ده‌ره‌وه‌ پێویسته‌ 25 گه‌شتیاری ده‌ره‌وه‌ش بهێنێته‌ ناو كوردستان."

نادر روستی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای گه‌شتیاری ناوخۆ مۆڵه‌تیان تازه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ به‌پێی یاساش له‌دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ گه‌ر مۆڵه‌تیان تازه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ رێگه‌یان پێنادرێت كار بكات."



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە