ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك پێكده‌هێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/06/2018‌ :: 941‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، كاروان گه‌رمیانی 
دوای ناڕه‌زایی ده‌ربڕێن و واژۆ كۆكردنه‌وه‌ دژی پڕۆژه‌ی خانووی مامۆستایان له‌ قه‌زاى كه‌لارى سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پێكبهێنێت.


له‌ چه‌ندرۆژی رابردوودا له‌ لایه‌ن یه‌كێتی مامۆستایانه‌وه‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی خانوو بۆ مامۆستایانی كه‌لار واژۆكرا و له‌به‌ر گرانی نرخ و دیارنه‌بوونی كوالێتی كه‌ره‌سته‌كانی خانووه‌كان به‌شێك له‌ مامۆستایانی گه‌رمیان ناره‌زاییان ده‌ربڕی. 

نه‌به‌رد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى ده‌سته‌ی داكۆكی له‌ مافی مامۆستایانی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ تا ئێستا زیاتر له‌ هه‌زار و 500 واژۆیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی له‌ پڕۆژه‌كه‌ بكرێت و له‌ رۆژانی داهاتوو ده‌چنه‌ قوتابخانه‌كان و له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌ واژۆی زیاتر كۆده‌كه‌نه‌وه‌. 

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ كه‌ ناوی "به‌هه‌شتی كه‌لار"ه‌ له‌ هه‌زار و 700 خانوو پێكدێت، بڕیاربوو له‌ ساڵی 2013 بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستایان لێی سودمه‌ندبن. 

نه‌به‌ر ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ده‌سته‌كه‌یان له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی پاریزگای سلێمانیان كردووه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدارو خستنه‌ڕووی ناعه‌داله‌تیه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ كردووه‌.

هاوكات ئازاد محه‌ممه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "دوو لیژنه‌ی تایبه‌تمان به‌ كێشه‌ی خانووی مامۆستایانی كه‌لار پێكهێناوه‌ و بڕیاره‌ دوای جه‌ژن هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ ده‌ست به‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ و به‌دواداچوون بكه‌ن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure