گه‌شتوگوزاری سۆران پێشبینی هاتنی زیاتر له‌ 30 هه‌زار گه‌شتیار ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 14/06/2018‌ :: 1028‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاریی سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ جه‌ژنی ره‌مه‌زان، پێشبینی هاتنی زیاتر له‌ 30 هه‌زار گه‌شتیار ده‌كه‌ن بۆ ده‌ڤه‌ری سۆران، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، به‌شی زۆری شوێنه‌كانی مانه‌وه‌ له‌ رواندز گیراون و پڕبوون له‌ گه‌شتیار. 


بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاريی سۆران له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "بەهاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی پێویستمان كردووه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ هاتنی گه‌شتیاران له‌ رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا". 

وتیشی "ئه‌و پلانه‌ی دامانناوه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی زامنكردنی كه‌شێكی خۆش و ئارام بۆ گه‌شتیاران، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پۆلیسی هاتوچۆش رۆڵێکی باش ده‌بینن له‌ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌مان". 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاریی سۆران باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كانی مانه‌وه‌ له‌ سنوری رواندز گیراون و زۆربه‌ی شوێنه‌كان پڕبوون له‌ گه‌شتیار. 

رونیكرده‌وه‌ "پێده‌چێت زیاتر له‌ 30 هه‌زار گه‌شتیار له‌ ڕۆژانی جه‌ژندا سه‌ردانی هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌گه‌شتیارییه‌كانی سنوره‌كه‌مان بكه‌ن". 

بارزان محه‌مه‌د، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر خاوه‌ن ئوتێل و موتێل و شوێنێكی گه‌شتیاریی دۆخی هاتنی گه‌شتیاران بقۆزێته‌وه‌ و نرخ زیاد بكات، ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ و سزادان ده‌بێته‌وه‌. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌ به‌هۆی زیادكردنی باج له‌سه‌ریان، گه‌شتیارانی ئێرانی كه‌متر سه‌ردانی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌م سنوره‌ ده‌كه‌ن. 

ده‌ڤه‌ری سۆران خاوه‌نی زۆرترین هاوینه‌هه‌وار و شوێنی گه‌شتیارییه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، 80%ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی شاری هه‌ولێریش ده‌كه‌ونه‌ ده‌ڤه‌ری سۆران، به‌جۆرێك تاڤگه‌ی گه‌لی عه‌لی به‌گ، گه‌لی فه‌قیان، كانی به‌ستێ، كانی ماران، بێخاڵ و جوندیان له‌ به‌ناوبانگترین هاوینه‌هه‌وارن کە ده‌كه‌ونه‌ سنورى سۆرانەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure