قازانجه‌كانى بانكى كوردستان به‌رێژه‌ى 43% داده‌به‌زێت

هەواڵ / ئابوری :: 14/06/2018‌ :: 1078‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
قازانجه‌كانى بانکی كوردستانی نێوده‌وڵه‌تى، بۆ په‌ره‌پێدان و وه‌به‌رهێنان (BKUI) له‌سه‌ر بنه‌ماى ساڵانه‌، له‌ چاره‌كى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا، به‌رێژه‌ى 43.01% دابه‌زیوه‌.

به‌پێى به‌یاننامه‌یەك كه‌ بانكى كوردستان بۆ بازاڕى كاغه‌زه‌ داراییه‌كانى عێراق رایگەیاندوە و ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ی حوزەیران سایتى "مباشر" بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندوه‌، له‌ چاره‌كى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا 3.875 ملیار دینار (3.22 ملیۆن دۆلار) قازانجى كردوه‌ و له‌كاتێكدا له‌ هه‌مان ماوه‌ى ساڵى 2017دا بڕى قازانجه‌كانى 6.8 ملیار دینار (5.65 ملیۆن دۆلار) بووه‌.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، پریاسكه‌ى دانانى پاره‌ له‌ بانكه‌كه‌ له‌ چاره‌كى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا به‌رێژه‌ى 28.25% زیادیكردوه‌ و به‌گشتى به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ 442.93 ملیار دینار، له‌كاتێكدا ساڵى 2017 بڕى 345.37 ملیار دینار بووه‌.

ساڵى رابردووش قازنجه‌كانى بانكى كوردستان 41.49 ملیار دینار بووه‌، ساڵى 2016 ش قازانجه‌كانى 47.37 ملیار دینار بووە.

جێى ئاماژه‌ بۆ كردنه‌، بڕى پاره‌ى یه‌ده‌گى بانكى كوردستان لاى بانكى ناوه‌ندى، 15% به‌دراوى بیانى و  10% به‌دیناره‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure