كەنەدا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە
هەواڵ / جیهان :: 14/06/2018 :: 310 جار بینراوە
دواڕۆژ
ئەنجومەنی نوێنەرانی كەنەدا رەزامەندی دەربڕی لەسەر راگرتنی هەموو پەیوەندییەكانی حكومەتی كەنەدا لەگەڵ ئێران-دا.
بەشی فارسی-ی رادیۆی دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەرانی كەنەدا لە نوێترین كۆبوونەوەیدا كە رۆژی سێشەممە 12ی حوزەیران ئەنجامیدا داوای لە حكومەتی كەنەدا كرد، هەموو دانوستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بوەستێنێت و هاوكات سوپای پاسداران-یشی خستە لیستی تیرۆرەوە.
پەرلەمانی كەنەدا جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی نابێت پەیوەندییەكانی نێوان كەنەدا و ئێران، كە لە ساڵی 2012-ەوە پچڕاون ئاسایی بكرێنەوە و پێویستە باڵێكی سوپای ئێرانیش، كە سوپای پاسدارانە، بخرێتە ئەو لیستەوە كە بەپێی یاسای كەنەدا بە گروپە تیرۆریستەكان دانراون.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كەنەدا بە دەنگی 248 پەرلەمانتار پەسەندكراوە و تەنیا 45 ئەندام لە دژی بووە.