پێنج حزبه‌كه‌ له‌ پێكهێنانى لیستى هاوبه‌ش شكستده‌هێنن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/06/2018‌ :: 745‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
دواى ئه‌نجامدانى چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌باره‌ى دروستكردنى لیستێكى هاوبه‌ش له‌لایه‌ن پێنج حزبى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، دواجار به‌هۆى بوونى بۆچوونى جیاواز پێكهێنانى ئه‌و لیسته‌ شكستى هێناوه‌ و به‌رپرسێكى یه‌كێك له‌و حزبانه‌ش پێیوایه‌ هیوایه‌كى كه‌م هه‌یه‌ بۆ یه‌ك لیستیى.

دواى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى هه‌رێم ناوى 38 قه‌واره‌ى سیاسى بۆ هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یاند، به‌پێى په‌یڕه‌وى كۆمسیۆنیش رۆژى 18 بۆ 21ى حوزه‌یرانیش دیاریكراوه‌ به‌مه‌به‌ستى پێكهێنانى هاوپه‌یمانى نێوان قه‌واره‌ سیاسییه‌كان.

ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ هه‌ریه‌ك له‌ لایه‌نه‌كانى (گۆڕان، هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى) لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شیان پێكهێناوه‌ به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى یه‌ك لیستى هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامدا، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، دروستكردنى هاوپه‌یمانى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ شكستى هێناوه‌، چونكه‌ له‌ ناوخۆى به‌شێك له‌و هێزانه‌ بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌.

دواڕۆژ، زانیویه‌تى جڤاتى نیشتمانیى و خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان له‌باره‌ى دروستكردنى ئه‌و به‌ره‌ سیاسییه‌ ناكۆكن، سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامیش بوونه‌ته‌ دووبه‌ره‌، هه‌رچى هاوپه‌یمانیه‌ رایانگه‌یاندووه‌ به‌بێ هیچ مه‌رجێك دێنه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كگرتووى ئیسلامى زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك لیستیدا نین و بزوتنه‌وه‌ش زۆرینه‌ى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ بچنه‌ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12ى ئایار ئه‌و هێزانه‌ جۆرێك له‌ نزیكیان پێوه‌دیاربوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان وا قسه‌یان ده‌كرد ئاماده‌ن ئه‌و به‌ره‌یه‌ دروستبكه‌ن، به‌ڵام له‌ئێستا په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ دروستكردنى هاوپه‌یمانى لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى لاوازه‌.

هه‌رچه‌نده‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى، له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى 2017، رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنێكى كارى هاوبه‌شیان ئیمزاكردووه‌، به‌پێى ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌رسێ حزبه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هاوكارده‌بن و كارده‌كه‌ن بۆ دروستكردنى ئیئتیلافى فراكسیۆنه‌كان، یان یه‌ك فراكسیۆنى له‌ناو په‌رله‌مانى عێراق و كوردستان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان.

به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هاوبه‌شه‌ى نێوان هه‌رسێ لایه‌ن، كه‌سایه‌تى سه‌ربه‌خۆ و لایه‌نی دیكه‌ بۆیان هه‌بوو بچنه‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه‌.

سه‌لیم كۆیى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ دواڕۆژى وت "رێككه‌وتنێكى مه‌بده‌ئى كرابوو، به‌ڵام له‌سه‌ر كات و شوێن به‌ ره‌سمى راگه‌یاندنى ئه‌و به‌ره‌یه‌ مابوو، كاتى راگه‌یاندنه‌كه‌ى كه‌وته‌ دواى هه‌ڵبژاردن، به‌هۆى كۆمه‌ڵێك بارودۆخ، به‌ڵام ئێستا جۆرێك له‌ ساردبوونه‌وه‌ و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و ره‌نگه‌ یه‌ك لیستیى قورس بێت و هیوایه‌كى كه‌م مابێت".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئامانجى دروستكردنى ئه‌و به‌ره‌یه‌ باشتركردن و بارودۆخى ژیانى هاووڵاتیان بوو، ده‌یانه‌ویست باڵانسى هێز به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ ببه‌ن و هیوایه‌ك بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كان مه‌رجیان هه‌بێت، یاخود ته‌حه‌فوزیان هه‌بوو، ئه‌وكات ناگه‌نه‌ رێككه‌وتن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure