تورکیا لە هەوڵدایە بەشی کرمانجی ئاژانسی سپۆتنیكی روسی دابخات

هەواڵ / کوردستان :: 14/06/2018‌ :: 397‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی کورد له‌ ئەوروپا و خوێندکارانی کورد لە روسیا پڕۆژه‌یه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ى به‌شى كوردى سۆرانى له‌ ئاژانسی سپۆتنیك پێشكه‌شده‌كه‌ن، بەڵام لەلایەن ئاژانسەکە ئاگادارکراونەتەوە کە رەنگە بەشە کرمانجیەکەش دابخرێت.


کاوە رەشید، خوێندکاری کورد و یەکێک لە ئه‌ندامانى ئامادەکاری پڕۆژەکە بۆ دواڕۆژ وتى "وەک کۆمەڵێک خوێندکار و رۆژنامەنوس، کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس بووین پڕۆژەیەکمان ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا كرد بۆ زیادکردنی بەشی کوردی سۆرانی لە ئاژانسی سپۆتنیک، بەڵام نەک پڕۆژەکەمان شکستی هێنا، بەڵکو بەشە کرمانجیەکەش کەوتەبەر ئەگەری داخستن".

وتیشی "لەلایەن چەند بەرپرسێکی ئاژانسەکەوە ئاگادارکردینەوە، کە پڕۆژەکەمان بۆ بەشی سۆرانی رەتکراوەتەوە و بەفەرمیش وڵاتی تورکیا داوایکردوە، کە دەبێت بەشە کرمانجیەکە دابخرێت، بەڵام هێشتا وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە فەرمی وەڵامی نەداوەتەوە".

سەبارەت بە داخستنی بەشەکە عوسمان باشقالی، میدیاکار، كه‌ کەمپینێکی راگەیاندوە، بۆ دواڕۆژ وتى "دوای شکستهێنانی پڕۆژەی زیادکردنی بەشی سۆرانی لە ئاژانسی سپۆتنیک، بەداخەوە ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ داخستنی بەشی کرمانجی".

وتیشی "بۆیە وەک ژمارەیەک رۆژنامەنووس و راگەیاندنكار لەرێگه‌ی بەیاننامەیەکەوە یاداشتنامەیەک ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەکەین و ئەو کەمپینە دژی داخستنی بەشە کرمانجیەکە رادەگەیەنین".

رونیشکردەوە، داوا لە میدیاکار و چالاکوانان دەکەین پشتیوانی ئەو کەمپینە بن بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە داخستنی بەشی کرمانجی لە رادیۆی سپۆتنیكی روسی، دواتریش بەفەرمی یاداشتنامەکە ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەکەین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure