دوای جه‌ژن كۆمسیۆن كارمه‌ندان داده‌مه‌زرێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2018‌ :: 2585‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان "ژماره‌یه‌كی زۆر"ی كارمه‌ندان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان داده‌مه‌زرێنێت و ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانیش ده‌ڵێت "دامه‌زراندنه‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هیچ كارێكیان نییه‌".

بڕیاره‌ دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم كارمه‌ندان به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست دابمه‌زرێنێت، جۆرێکیان بۆ ماوەی چوار مانگە بۆ بنکە لاوەکییەکانی كۆمسیۆن کە ژمارەیان کەمە، به‌ڵام به‌شێكی تریان بۆ ماوه‌ی یه‌ك رۆژه‌.

جوتیار عادل، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "كۆمسیۆن ژماره‌یه‌كی زۆر كارمه‌ندان به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست داده‌مه‌زرێنێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌ر سندوقه‌كان زیاتر له‌ 20 هه‌زار كارمه‌ندانمان پێویسته‌، به‌ڵام بۆ به‌شه‌كانی تری رۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هێشتا یه‌كلایی نه‌كراته‌وه‌".

وتیشی "دوو جۆر دامه‌زراندن ده‌بێت كه‌ به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست ده‌بێت، ئه‌وانه‌ی بۆ ماوه‌ی چوار مانگ ده‌بێت ژماره‌یان كه‌مه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ته‌نیا بۆ رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌بێت ژماره‌یان زۆر زۆره‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "دامه‌زراندنه‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت دامه‌زراون، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ هیچ كارێكیان نییه‌".

بڕیارە ٣٠ ی ئەیلولی 2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجه‌می پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە