"پارتی و یەكێتی و گۆڕان لیستی سێبەر بۆ پێكهاتەكان دروستدەكەن"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1706‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
هه‌ریه‌ك له‌ پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان لیستیان بۆ كورسی كۆتای توركمانه‌كان تۆماركردووه‌، ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی حزبێكی توركمانیش ئاماژه ‌به‌وه ‌ده‌كات، ئەو سێ حزبە زیاتر له‌ 5 لیستیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دروستكردووه‌.

له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی ده‌رگای تۆماركردنی ناوی لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان بۆ به‌شداریكردن له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، به‌پێی زانیارییه‌كانی  دواڕۆژ بۆ كێبڕكێكردن له‌سه‌ر 5 كورسی كۆتای  توركمان 9 لیستی توركمان پێشبڕكێ ده‌كه‌ن.

هاوكات سێ لایه‌نی سیاسی كوردی هه‌رێمیش 5 قه‌واره‌یان له‌كۆمسیۆن تۆماركردووه‌ و چاویان بڕیوه‌ته‌ كورسی كۆتای پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان. 

به‌پێی قسه‌ی لایه‌نه‌ توركمانه‌كانیش هه‌ریه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، لیستی تایبه‌ت به‌ كۆتای توركمانه‌كانیان دروستكردوه‌، بۆئه‌مه‌ش له‌كۆمسیۆن ناوی قه‌واره‌كانیان تۆماركردووه‌.

ئایدن مه‌عروف، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌ی توركمان، رایگه‌یاند، 9 لایه‌ن وه‌كو قه‌واره‌ی توركمان له‌ كۆمسیۆن ناوی خۆیان تۆماركردووه‌، پێنجیان لەلایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروستكراون و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی توركمانن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركمان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هۆشداری ده‌ده‌نه‌ ئه‌و لایانه‌ی ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن و داواشیان لێده‌كه‌ن خۆیان له‌و پرسه‌ به‌ دوور بگرن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌ست له‌ كاروباری توركمان وه‌ربده‌ن ئه‌وا ڕۆژێك دێت ده‌ستێوه‌ردان له‌كاره‌كانی ئه‌وانیش دەكرێت.

ئاشكراشیكرد، ئه‌و هێزانه‌ قه‌واره‌یان به‌ ناوی كورسی مه‌سیحی و كریستانه‌كانیش تۆماركردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌ڕله‌مانتار به‌ ئیراده‌ی خۆی ببێته‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك نه‌ك حزبی ده‌ره‌وه‌ی پارته‌ توركمانییه‌كان.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یرانی 2018، له‌ پێناو پاراستنی كورسییه‌كانیان و دروستبوونی لیستی دیكه‌ی توركمان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ریه‌ك له‌ پارتی گه‌شه‌پێدان، پارتی دیموكرات، كۆمه‌ڵه‌ی لیبرالی، بزووتنه‌وه‌ی بێلایه‌ن و پارتی گه‌ل لیستێكی هاوبه‌شیان پێكهێنا بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی، له‌باره‌ی یه‌كگرتنی ئه‌و هێزه‌ توركمانیانه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌ئێستادا ده‌نگی توركمانی زۆر په‌رت بووه‌، بۆیه‌ له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانمان پێنج حزب به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ ئامانجمان یه‌كخستنی وتاری سیاسی و نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی توركمانه‌ له‌ خولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستاندا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ده‌رگا كراوه‌یه‌ بۆ هه‌ر لایه‌نێكی توركمانی ئه‌گه‌ر بێنه‌ ناو ئه‌و لیسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بكرێت له‌و حزبانه‌ی به‌ناوی توركمانی لیستی سێبه‌ر دروستده‌كه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات، ئه‌وان وه‌كو یه‌كێتی باوه‌ڕیان به‌وه‌ نییه‌ وه‌كو سه‌رده‌می سه‌دام حزبی كارتۆنی دروستبكه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌رده‌چن نماینده‌ی پێكهاته‌ی توركمان بكه‌ن نه‌ك هێزی دیكه‌.

له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆی (111) كورسی په‌رله‌مان، (11) كورسی بۆ كۆتاكان ته‌رخانكراوه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش (5) كورسی بۆ كریستیانه‌كان و (5) كورسی بۆ توركمان و (1) كورسی بۆ پێكهاته‌ی ئه‌رمه‌ن ده‌ستنیشان كراوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure