كوڕێكى خامنه‌یى له‌ عێراق ده‌رده‌كه‌وێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/06/2018‌ :: 391‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ
ماڵپه‌ڕى (عه‌ره‌بى پۆست) له‌ راپۆرتێكیدا ده‌ڵێت "هێشتا چه‌ند كاتژمێرێك به‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ى په‌یامێكى قاسم سوله‌یمانى سه‌ركرده‌ى فه‌یله‌قى قودسى ئێرانی له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در-ى پیاوى ئایینیى شیعه‌وه‌، تێنه‌په‌ڕى بوو كه‌ موجته‌با خامنه‌یى كوڕى عه‌لى خامنه‌یى رێبه‌رى باڵاى ئێران، گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ عێراقیه‌كاندا كۆبووه‌وه‌".

 
به‌رپرسێكى عێراقى به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ى وتووه‌ "ئه‌بره‌ج مه‌سجدى باڵیۆزى ئێران له‌ عێراق، ئێواره‌ى رۆژى دوو شه‌ممه‌ 11ى حوزه‌یران، ئێواره‌ خوانێكى رۆژووشكاندنى به‌ چاودێریى كوڕى عه‌لى خامنه‌یى رێبه‌رى باڵاى ئێران و به‌ ئاماده‌بوونى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس و نورى مالیكى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى پێشووى عێراق و هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح و ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سێتیه‌ سیاسیه‌كان و سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبیى عێراقى رێكخستووه‌".

 به‌رپرسه‌ عێراقیه‌كه‌ ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ى ئاماده‌ى رۆژووشكاندنه‌كه‌ بوون، به‌پێى رێنماییه‌كانى كوڕى خامنه‌یى رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێكهێنانى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا كه‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح و ده‌وڵه‌تى قانون و پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و نوێنه‌رانى حزبه‌ سوننیه‌كان و ئیئتیلافى نه‌سر  به‌ سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى ئێستا، به‌شداریى تێدا ده‌كه‌ن". 

هه‌روه‌ها موجته‌با خامنه‌یى پێشنیارى ئه‌وه‌یشى بۆ ئاماده‌بوان كردووه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى بۆ خولى دووه‌م كاندید بكه‌نه‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ریشدا هاوپه‌یمانى سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تى موقته‌دا سه‌در بچێته‌ پاڵ فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌ى ناو ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران. پێده‌چێت له‌ دواى جه‌ژنى ره‌مه‌زان رابگه‌یه‌نرێت.

ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌كاتێكدان پێشتر موقته‌دا سه‌در پێشنیارێكى قاسم سوله‌یمانیى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ داواى پێكهێنانى فراكسیۆنێكى فراوانى شیعه‌ى لێكردبوو بۆ ده‌ربازبوونى عێراق له‌م قه‌یرانه‌ى تێیكه‌وتووه‌.

سه‌در هه‌ڵوێستى خۆیى دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو ده‌ستوه‌ردانێكى ده‌ره‌كى (به‌ئێران-یشه‌وه‌) له‌ دۆخى ناوخۆى عێراق و پاراستنى سه‌روه‌ریى وڵات و یه‌كڕیزیى عێراقیه‌كان.

هه‌روه‌ها په‌یامێكى هۆشداریى به‌ ناونیشانى (عێراق له‌ مه‌ترسیدایه‌) ئاراسته‌ى گه‌لى عێراق كردووه‌ و تێدا ده‌ڵێت "عێراق ئێستا بێ ئاو و بێ كاره‌با و بێ كشتوكاڵ و بێ پیشه‌سازى و بێ پاره‌ و بێ ژێرخان و بێ خزمه‌تگوزارى و بێ ژینگه‌ى له‌بار و بێ سنوورى پارێزراوه‌. هێشتا عێراق جێپه‌نجه‌ و ئاسه‌واره‌كانى حزبى به‌عس و سته‌م و دیكتاتۆریه‌تى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى به‌ته‌واوى پێوه‌ دیاره‌".

هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا موقته‌دا سه‌در داوا له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى عێراق ده‌كات "وازبێنن له‌ ململانێى پچڕاندنى كورسى و پۆست و ده‌ستكه‌وت و نفوز و ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایى". داواى راگرتنى "داگیركارى و نفوزى ده‌ره‌كى و ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژكراو و ته‌قینه‌وه‌ و تیرۆر و ململانێ و كوشتن" ده‌كات. داواده‌كات "هه‌موو عێراقیه‌كان یه‌كڕیبز بن له‌پێناو دووباره‌ ئاوه‌دان و بونیاتنانه‌وه‌ى وڵات له‌جیاتى سووتاندنى سندوقه‌كانى ده‌نگدان و دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ كورسیه‌ك و دوو كورسیى په‌رله‌مان".
 
ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure