دادگای فیدراڵی بۆ ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان چاوەڕوانی سەلیم جبوری-یە

هەواڵ / عێراق :: 13/06/2018‌ :: 1191‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، عەلی عومەر
ئەمرۆ چوارشەمە 13ى حوزه‌یران، وتەبێژی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، دادگا چاوه‌ڕوانی وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر تانەی نادەستوریبوونی هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنەکان بدات.

ئه‌یاس ساموک، وتەبێژی دادگایی فیدراڵی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "دادگای فیدراڵی چاوەڕوانی وەڵامی داوالەسەرکراوى سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، یاخود تەواوبوونی ماوه‌ى دیاریكراوه‌ بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر تانەی نادەستوریبوونی هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنەکان بدات".

وتیشی"تاوەکو ئێستا سەلیم جبوری وەڵامی دادگایی نەداوەتەوە، ئەگەر لەو ماوەیەی دیاریکراوە وەڵامی دادگا نەداتەوە، ئەوا دادگا خۆی بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر ئەو تانانەی پێیگەیشتووە لەسەر هەمواری یاساکە".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ ماوه‌ى دیاریكراوه‌ بۆ وه‌ڵامى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بریتیه‌ له‌ 10 ڕۆژ. هاوكات شەش تانە لەلایەن چەند لایەنێکەوە لەسەر هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردن پێشکەش بەدادگایی فیدراڵی کراوە. 

هەر ئەمڕۆ دادگایی فیدراڵی لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، دادگا ناتوانێت بڕیاری کۆتایی بدات تاوەکو گوێ لەلایەنی دووهەمیش نەگرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure