خۆپیشاندەران یاداشتێک دەدەنە پەرلەمانتارانی یەکێتی

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 246‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ئەمڕۆ 13ی حوزەیرانی 2018 خۆپیشاندەرانی ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ یاداشتێکی ناڕەزاییان ئاڕاستەی فراکسۆنی یەکێتی کرد لە پەرلەمانی عێراق.

جەلال شێخ ناجی، وەك نوێنەری ھێزەکانی پێشمەرگە یاداشتی ناڕەزایەتی ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەی خوێندەوە و ڕایگەیاند "پێشمەرگە هێزێكی قارەمانە و سیبمولی ئازایەتییە، ناڕەوایە دەنگەكانی پوچەڵبكرێتەوە".

وتیشی "ئەو بڕیارە بەتوندی ڕەتدەکەینەوە و داواکارین لە ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و کۆمسێۆن و دادگای فدراڵی عێراق بڕیارەکە پوچەڵبکەنەوە".

لەدوای خوێندنەوەی یاداشتەکەی ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ، ئارێز عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "ئێمە وەک فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق ھەوڵەکانمان لەڕێگەی یاساییەوە بەردەوامە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، وە دەنگی پێشمەرگە لەبەرامبەر داعش و سەدام و هێزە داگیركەرەكان بێدەنگ نەكرا، ئێستاش لەلایەن گروپێكەوە بە بڕیارێكی نادەستوری بێدەنگ ناكرێت".

وتیشی "فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لەدادگای فیدڕاڵی تانەی لەو بڕیارە داوە كە دەنگی ھێزە تایبەتەکانی پوچەڵكردوەتەوە، بۆیە دڵنیابن كە تانەكەیان سەركەوتودەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا، گلەییمان نییە چۆن دەنگەکان دەژمێردرێنەوە و چۆن لیژنە بۆ بەدواداچونی ناڕاستییەکان دەکرێت، بەڵام گلەیمان لەوەیە دەنگی تایبەت پوچەڵدەکرێتەوە، چونکە نادەستورییە، هەروەها هەندێک لایەن چونە پاڵ ئەوانەی چاویان بەکورد لەکەرکوک هەڵنایەت کە کارێکی نادەستوری و نانیشتمانییە.

ڕۆژی چوارشەممە 13ی حوزەیرانی 2018 لەشاری سلێمانی ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە کە دەنگدەری تایبەتن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی بڕیاری ھەژمارنەکردنی دەنگدانی تایبەت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure