شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆشداریده‌دات له‌ڕۆژانى جه‌ژندا ده‌ست بۆ موڵكى گشتى ببرێت

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2018‌ :: 438‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا، لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ پێشوازیكردن له‌ ڕۆژانى جه‌ژن ڕاگه‌یاند، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ش هۆشداریده‌دات له‌ قۆستنه‌وه‌ى ڕۆژانى جه‌ژن بۆ ده‌ستبردن بۆ موڵكى گشتى.

له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا نوخشه‌ ناسیح، قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌ مه‌به‌ستى ڕێگریكردن له‌هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو و به‌ ده‌مه‌وه‌چوونى هاووڵاتیان له‌ حاڵه‌ته‌ پێویسته‌كاندا له‌ ڕۆژانى جه‌ژندا، لیژنه‌ى ئه‌منى كه‌ له‌ چه‌ندین به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ پێكهاتووه‌، سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كمان به‌ كۆتا گه‌یاندووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك فرۆشتن و به‌كارهێنانى ته‌قه‌مه‌نى و یارییه‌ ئاگرینه‌كانمان قه‌ده‌غه‌كردووه‌.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌دا، كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، هاوشێوه‌ى بۆنه‌ و جه‌ژنه‌كانى دیكه‌، لیژنه‌ى هاوبه‌ش و گه‌ڕۆكمان پێكهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕۆژانى جه‌ژندا سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه‌ بكه‌ن كه‌ گومانده‌كرێت له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ ده‌ستبكرێت به‌ دروستكردنى خانوو و زه‌وى به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕەو له‌سه‌ر موڵكى گشتى كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ زۆرجار له‌و كاتانه‌دا ڕووده‌دات كه‌ فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌ت له‌ پشوودابن.

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك بیه‌وێت ڕۆژانى جه‌ژن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆى به‌كار بهێنێت و له‌سه‌ر موڵك و ماڵى گشتى خانوو به‌شێوه‌ى زیادڕەو دروست بكات سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى دیوار و هه‌یكه‌له‌كه‌ى ده‌ڕوخێنین له‌ هه‌مان كاتیشدا ڕووبه‌ڕووى یاساى ده‌كه‌ینه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure