لە هه‌رێم باج لەسەر جۆرە ئۆتۆمبێلێک زیادكرا

هەواڵ / ئابوری :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 3380‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وه‌زاره‌تى دارایى حکومەتی هه‌رێم، بڕیاریدا به‌ زیادكردنى باج له‌سه‌ر پشكینى ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگرانه‌ى كه‌ پكشنینى (سكانه‌ر)یان بۆ ئه‌نجامده‌درێت و رێژەکەش به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو زیادكراوه‌.


ئه‌حمه‌د شەمسه‌دین، یه‌كێك له‌ بارهه‌ڵگه‌ره‌كان كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 12ى حوزه‌یران 2018، له‌ بارزگه‌ى خازر له‌سه‌ر رێگاى نێوان هه‌ولێر-موسڵ دوو هێنده‌ى مانگه‌كانى رابردوو پاره‌ى باجى لێوه‌رگیراوه‌، به‌ دواڕۆژى وت "به‌پێى رێنماییه‌كى نوێى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى هه‌رێم له‌هه‌ر بازگه‌یه‌كى هه‌رێم، كه‌ ئامێرى سكانه‌ر بۆ پشكینى ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگرى بارزگانان دانراوه‌، ده‌بێت نرخى پشكنینه‌كان زیادبكرێت."

وتیشی "بەپێی رێنماییه‌كه‌، بۆ پشكینى ئۆتۆمبێل كه‌ پێشتر له‌ هه‌زار دینارەوە دەستیپێدەکرد و به‌پێى قه‌باره‌ى باره‌كه‌ نرخه‌كه‌ى دیاریده‌كرا، ئێستا نرخه‌كه‌ى بۆ پێنج هه‌زار دینار به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى كه‌ سێ ته‌ن بارده‌كه‌ن 15 هه‌زار دینار دەدەن و به‌پێى قه‌باره‌ى باره‌كه‌ش بڕى پاره‌كه‌ زیادده‌كات."

له‌وبارەیەوە، ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گومرگى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ده‌ركردنى ئه‌و رێنماییه‌ بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ دانراوه‌ كه‌ ئێستا كارده‌كه‌ن و  له‌ڕێگه‌ى ئامێرى سكانه‌ره‌وه‌ پشكنینان بۆ ئه‌نجامده‌درێت."

دەشڵێت "ئه‌و بڕیاره‌ له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌و له‌هه‌رێم رێنمایى بۆ ده‌ركراوه‌و ئێمه‌ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا به‌به‌راورد به‌ حكومه‌تى عێراق پاره‌ی کەمترمان وه‌رگرتووه‌."

ئه‌و به‌رپرسه‌ى گومرگى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئامێرى سكانه‌ر ئامێرێكى پێشكه‌وتووەو له‌هه‌موو دونیادا ئه‌و سیسته‌مه‌ى په‌یڕه‌و ده‌كرێت، رێنماییه‌كه‌ش یه‌كگرتووه‌و له‌سه‌رجه‌م هه‌رێم كار به‌و رێنماییه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ 5ى حوزه‌یرانه‌وه‌ ده‌ركراوه‌و هیچ كه‌سێك بۆى نییه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆى نرخ دیارى بكات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure