ده‌سته‌ى ژینگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى پیسبوونى ژینگه‌ به‌تیشك هۆشداریده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2018‌ :: 1002‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌پێى ڕاپۆرتێكى ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ى هه‌رێمى كوردستان، پیسبوونى ژینگه‌ به‌هۆى تیشك له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕووى له‌ زیادبوون كردوه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانى حكومى و به‌كارهێنه‌رانى تیشك و هاووڵاتیانى نزیك له‌ تاوه‌ره‌كانى مۆبایل و ئینته‌رنێت زیانمه‌ندبوون.

به‌ پێى ڕاپۆرتێكى ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ و ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، ماده‌ و ئامێر و كه‌لوپه‌لى دیكه‌ى هاورده‌ى تیشكاوه‌رى تاقیگه‌كانى تیشك له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومى و ئه‌هلی و تایبه‌ته‌كان  سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسین، چونكه‌ ئه‌گه‌رى بوونى مادده‌ى تیشكاوه‌ر له‌ هه‌وادا هه‌یه‌، له‌ ئه‌نجامى دیارده‌ى خۆڵبارین له‌ وڵاتانى دووره‌وه‌ بۆ پارێزگاكانى هه‌رێم دێت.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، به‌هۆى به‌رده‌وامبوونى قه‌یرانى دارایى و له‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌توانراوه‌ و پڕۆژه‌ى سیستمى چاودێرى تیشكى ئایۆنى دابینیبكرێت كه‌ بوەته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى مه‌ترسى بۆسه‌ر پیسبوونى ژینگه‌ به‌ تیشك.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووە "له‌پێناو پاراستنى كه‌سه‌كان له‌ تیشكى ئایۆنى پێویسته‌ ئامێرى پێوانه‌ى بڕى تیشك (DOSIMETER) دابینبكرێت بۆ كارمه‌ندان و  به‌كارهێنه‌رانى تیشك له‌ تاقیگه‌ حكومى و ئه‌هلى و تایبه‌ت و تیمه‌كانى چاودێرى فه‌رمانگه‌كان، چونكه‌ ناتوانرێ پشت به‌ بنكه‌كانى خۆپاراستن له‌ به‌غدا ببه‌سترێ، پاراستنى گیانى ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌ ئه‌ستۆى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی و ژینگه‌یە، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌مته‌رخى كراوه‌ و تاوه‌كو ئێستاش یه‌ك كارمه‌ند له‌ هه‌رێم ئامێرى (فلیم باج)ی بۆ خۆپاراستن له‌ تیشكى ئایۆنى نییه".

ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ى هه‌رێم، ئاشكراشیكردوه‌، له‌ ساڵى 2003وه‌ زیاتر له‌ 400 تاوه‌رى مۆبایل و ئینته‌رنێت له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان دانراوه‌، تیمه‌كانى به‌دواداچوون له‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابردوودا توانیویانه‌ به‌دواداچوون بۆ سه‌رجه‌م تاوه‌ره‌كان بكه‌ن كه‌ 40 له‌م تاوه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ رێنماییه‌كه‌كانى ژینگه‌دا گونجاو نه‌بوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure