كۆمسیۆنی هەرێم تۆمارێكى ده‌نگده‌رانى نوێ ده‌خاته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و لایه‌نه‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 563‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێمى كوردستان، ئاشكرایده‌كات رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌  ئاماده‌كردنى تۆمارێكى نوێى تایبه‌ت به‌ ده‌نگده‌رانى هه‌رێم ته‌واوكراوه‌، له‌ مانگى داهاتوودا ده‌یخه‌نە به‌رده‌م په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

به‌پێى مه‌رسومێكى سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ ڕۆژى 9ى ئایار ده‌رچووه‌، بڕیاردراوە ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 30ى ئه‌یلولى 2018 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت، دواى ته‌رخانكردنى برى 10 ملیار دینارى له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمسیۆن وه‌كو قۆناغى یه‌كه‌م كۆمسیۆن ئاماده‌كارییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستپێكردووه‌.

شێروان زرار، وته‌بێژى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "چه‌ند مانگێكه‌ كار له‌سه‌ر تۆمارى ده‌نگده‌رانى هه‌رێم ده‌كرێت كه‌ ته‌نها پشت به‌ فۆڕمى خۆراكى هاووڵاتییان ده‌به‌سترێت، له‌ ئێستاشدا ئه‌و تۆماره‌ له‌ قۆناغى كۆتاییدایه‌و 99%ی كارەكانی تەواوبووە".

ڕوونیشیكرده‌وه‌، تۆماره‌كه‌ پشتی به‌ داتا و زانیارییه‌كانى وه‌زاره‌تى بازرگانى هه‌رێم به‌ستووه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش نوێترین داتا كه‌  تاوەكو 31 كانونى یه‌كه‌مى پارساڵه‌ لەم وه‌زاره‌ته‌ وه‌رگیراوە.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، مانگى داهاتوو به‌ر له‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌و تۆمارى ده‌نگدانه‌ ده‌ده‌نه‌ په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى بۆچوونى خۆیان له‌باره‌ى ئه‌و تۆماره‌ بده‌نه‌ كۆمسیۆن و زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندى بكه‌ن، پاشان له‌ هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلول كارى پێده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌و تۆماره‌ى ده‌یانه‌وێت به‌كاریبهێنن له‌ تۆمارى كۆمسیۆنى به‌غدا جیاوازه‌و به‌ هاوكارى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ته‌واوبێت هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌نى تۆمارێكى تایبه‌ت به‌خۆى.

وتیشى "به‌هۆى ئه‌وه‌ى پاككردنه‌وه‌ى تۆمارى پێشووى ده‌نگده‌ران ئاڵۆز بوو، هه‌ربۆیه‌ش بۆ تۆمارە نوێیه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى فۆرمی به‌شه‌خۆراكی هاووڵاتیان ده‌كرێته‌ بنه‌ما، به‌وه‌ش تۆماره‌كه‌ خاڵى ده‌بێت له‌ ناوى مردوو و ئاواره‌ و كه‌سانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان".

هه‌فته‌ى ڕابردووش زیاتر له‌ 13 په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ڕێگه‌ى یاداشتێكیانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان داواده‌كه‌ن كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دانیشتنێكى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌بن، به‌مه‌به‌ستى پێدانى دواین زانیارى له‌باره‌ى ئاماده‌كارییه‌كانى كۆمسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و وه‌رگرتنى وێنه‌یه‌كى تۆمارى ده‌نگده‌رانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕاست و دروستى بكۆڵنه‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure