به‌ركه‌وتوویه‌كى دیكه‌ى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2018‌ :: 845‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌هۆى مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى چه‌كى كیمیایى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى، شه‌وى ڕابردوو 12ی حوزەیرانی 2018 به‌ركه‌وتوویه‌كى چه‌كى كیمیایى له‌ شارى سلێمانى گیانى له‌ده‌ستدا، لەئێستاشدا زیاتر له‌ 20 به‌ركه‌وتووى دیكه‌ى چه‌كى كیمیاییش ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، به‌هۆى مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى چه‌كى كیمایى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى، شه‌وى ڕابردوو، یه‌كێك له‌ به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ناوى (ئه‌خته‌ر فارس) ته‌وێڵه‌یى له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى شارى سلێمانى گیانى له‌ده‌ستدا كه‌ پێشتریش هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌ هه‌مان هۆكار گیانى له‌ده‌ستدا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بارودۆخى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دۆخێكى خراپدایه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش وه‌ك پێویست ئاوڕیان لێنادەنه‌وه‌، هاوكات له‌ ئێستادا زیاد له‌ 20 به‌ركه‌وتووى دیكه‌ى چه‌كى  كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دۆخێكى ته‌ندروستى ناجێگیردان و پێویستیان به‌ هاناوه‌چوونى به‌په‌له‌یه‌.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ دواى ساڵى 2003وه‌ به‌هۆى مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى چه‌كى كیمیایى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 104 كه‌س، ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان به‌زوترین كات نه‌یه‌ن به‌ده‌م به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیاییه‌وە له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ژماره‌كه‌ زۆر زیاد ده‌كات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure