پارتی و یەكێتی: هاوپەیمانی سائیرون و فەتح سەرەتای نەخشەڕێگایەكی سیاسی باشە

هەواڵ / کوردستان :: 13/06/2018‌ :: 821‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستیان لەسەر هاوپەیمانی سائیرون و فەتح راگەیاند و هاوپەیمانیتییەكە بە نەخشەڕێگەیەكی باش و گرنگ وەسف دەكەن.


دوای ئەوەی هەریەك لە سائیرون و فەتح هاوپەیمانیەتیان راگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان هەڵویستی خۆیان لەسەر هاوپەیمانیەتییەكە ئاشكراكرد و بە سەرەتای نەخشەڕێگەیەكی سیاسی و هاوپەیمانی باش وەسفی دەكەن لەپێناو دەربازبوون، لەم دۆخە بنبەستە سیاسییەدا.

دەقی راگەیەنراوەكە:
لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی عیراق و كوردستاندا، سیاسەتی نەخوازراو، پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەكانی خستە ناو گێژاوێكی ترسناك. 

ی.ن.ك و پ.د.ك، خۆمان و گەلی كوردستانمان، لە مەترسی ئەو كێشانە، لە كوردستان و عیراق، دوورخستەوەو هەوڵێكی زۆریشماندا، بەردەوام بەشێك بین لە چارەسەر، بەپێی دەستور و رێساو یاساكانی هەڵبژاردن، لەم پێناوەشدا، وەفدی هاوبەشی هەردوو لا بە راوێژ لەگەڵ یەك، سەردانی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عیراقمان كردو هەڵوێستی خۆمانمان پێ‌ راگەیاندن.

ئەمشەو بەهیمەتی دڵسۆزان بۆ دەربازكردنی وڵات، لە تەنگەژەی سیاسی، هەوڵێك بۆ هاوپەیمانی (سائیرون و فەتح) راگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمان وایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون، لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە، بێگومان ی.ن.ك و پ.د.ك، هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، وەفدی هاوبەش، بۆ دانوستان، پێكدێنین.

لە هەمانكاتدا ئومێدەوارین، سەرجەم لایەنە كوردستانی و عیراقییەكان، خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەین  و پێكەوە، بەرپرسیارێتی حكومەتێكی سازاوی نیشتمانی بۆ راپەراندنی ئەركە هاوبەشەكان، پێك بهێنین و یەك ریزی نیشتمانی بپارێزین.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان - پارتی دیموكراتی كوردستان
مەكتەبی سیاسی مەكتەبی سیاسی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure