داعش كێشه‌ بۆ بڕاندێكى جیهانى دروستده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 492‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
قاوه‌خانه‌ و رێستۆرانته‌كانى (ISIS) لە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا به‌هۆى ناوه‌كه‌یانه‌وه‌ روبەرووی کەمی میوان و سه‌ردانكه‌ران ده‌بنه‌وه‌، خاوه‌نى بڕانده‌كه‌ش بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ له‌ هه‌وڵى گۆڕینى ناوه‌كه‌یدایه‌.


هەرکات ناوی (ISIS) دێت زۆرینه‌ بیرى به‌لاى گروپى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى  (داعش)دا ده‌چێت كه‌ نزیكه‌ى چوار ساڵى له‌ عێراق و سوریا شه‌ڕى پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤان و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیان كرد، ناوه‌كه‌ وه‌ك كورتكراوه‌ى ناوى رێكخراوه‌كه‌ به‌كارهێنرا و ناسرا.

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئوسترالیا و ئەمریکا (ISIS) مێژوویه‌كى دورترى هه‌یه‌ به‌هۆى زنجیره‌ کافێکانی (ISIS) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ برانده‌ ناسراوه‌كانى خواردن و خواردنه‌وه‌، به‌ڵام هاوشێوه‌یه‌ى ناوى له‌گه‌ڵ داعش گرفتى بۆ دروستكردووه‌.

ئازاد محەمەد، کوردێكى تەمەن 57 ساڵەیە و ماوەی نزیكه‌ى 10 ساڵ لە کافێی (ISIS)  لە شارى ملبۆرن-ى ئوسترالیا کاریکردوە، ئه‌و بۆ دواڕۆژ وتى "هەرچەندە تائێستاش 80%ى خەڵکی ئوسترالیا نازانن کە داعش چییە و چی بووه‌؟ تەنیا دەزانن گروپێک هەیە بەناوی (ISIS) و تیرۆریستە، بۆیە هه‌ندێكجار کە ئەو ناوە دەبینن جۆرێک لە خەیاڵی ناخۆش دەکەن".

وتیشی "زیاتر خه‌ڵكانى وڵاتانی عەرەب کە سەردانی كافێ و رێستۆرانته‌كانى (ISIS)".

ئازاد ئه‌وه‌شى وت، کافێی (ISIS) لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لقی هەیە و بەناوبانگە، وەک (ماکدۆناڵد و کۆکاکۆلا) خاوەن بەرهەمی خۆیەتی کە قاوە و نێرگەلە و شەربەتە، خاوەنەکەی ناوی ئەحمەد میسرییە و له‌ بنه‌ڕه‌تدا خەڵکی وڵاتی میسرە و ئێستا لە ئەمریکا دەژی و خاوەن ئەو بڕاندەیە".

زنجیرە کافێ و رێستۆرانەتەکانی (ISIS) ٩٧ لقی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و کە زۆربەیان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیان و هەروەها لە شارە گەورەکانی وەک (لەندەن، پاریس، لۆس ئەنجلۆس، کایلفۆرنیا، ملبۆڕن و پەکین) لقی هەیە، هەروەها لە ئەنقەرە و دوبه‌ی و عەممان و ریاز لقی هەیە جگە لە شارەکانی تری وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا.

ئەحمەد میسری، لەبارەی زنجیرە رێستۆران و قاوەخانەکانی رایگەیاندووە، "بڕیامداوە ناوی براندەکەم بگۆڕم و ئێستا بەدوای ناوێکی تردا دەگرێم، چونکە خەڵک هەیە ناوێرت سەردانمان بکات و هەیە بە چاوێکی سوکەوە سەیری دەکات و هەیە موشتەریمان بووە ئیستا سەردانمان ناکات و لەدەستمان داوە لەکاتێکدا ئێمە خاوەن مێژووییەکی نزیکەی ٤٠ ساڵەین".

ئه‌وه‌شى راگه‌یاندووه‌، "زۆر کەس پرسیار دەکەن ئایا بۆچی کافێکانتان بەناوی گروپێکی تیرۆریستی ناوناوه‌، بەڵام ئەوان مێژوویان نەخوێندۆتەوە نازانن كه‌ ناوی خواوەندێکی پیرۆزی میسرییەکانە و، ناوی ژنێکە پیرۆزترین خواوەند بووە بۆ خەڵکی عەوام و ئاسایی چونکە بەشداری مەراسیمی هەژارانی کردووە".

یەکێک لە سه‌ردانكه‌ره‌ کوردەکان كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار كافێكه‌ له‌ پاریسى پایته‌ختى فه‌ره‌نسا ده‌بینێت توشى شۆک دەبێت، دیار کامەران بۆ دواڕۆژ وتى "کە بینیم سەرەتا زۆر توڕە بووم، سه‌رسام بووم كه‌ چۆن خەڵک دانیشتوون و کێشەیان نیە لەکاتێکدا بەو ناوەوه‌یە".

وتیشی "دواتر هاوڕێیه‌كم بۆى رونکردمەوە کە لە ساڵی 2008ه‌وه‌ ئه‌و كافێیه‌ هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ داعشه‌وه‌ نیه‌".

هەروەها محەمەد حسێن، کە بەهەمان شێوە سه‌ره‌تا له‌ بینینى ناوى رێستۆرانته‌كه‌ توشى سه‌ڕسوڕمان بووه‌ وتى "قاوه‌خانه‌ی (ISIS) له‌ ناوه‌ڕاستی پاریس هەیە، قاوە و نێرگه‌له‌خانه‌یه‌كی میسریه‌كانه و، خەڵک سەردانی دەکەن" .

(ISIS) ناوی خواوەندێکی میسرییە لە نێوان ساڵەکانی (2686-2181) پێش زاینی لە سەرانسەری جیهان پەرستشی بۆ کراوە و گواییە ئیزیسس (ISIS) هاوسەرەکەی خۆی کوشتووە و دواتر ئیرۆسی پاراستووە ئەویش بەهۆی ئەوەی ئاگاداری نەوەکانی هیرۆس بووە کە بە گەڕاندنەوەی ژیانی دوای مەرگ بۆ مرۆڤەکان دانراوە، بە پیرۆزی ماوەتەوە و ISIS بووە بە خودایەکی گرنگی خەڵکی هەژار و عەوام کە کەمتر لە بۆنەکانی پادشاکان و فیرعەونەکان بەشداریکردوە و زیاتر لە مەراسیم و بۆنەی هەژاران بەشداربووە بۆیە بە خودای گشت جیهان ناسراوە و ناویان ناوە دایک و گەورەی هەموو فیرعەونەکان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure