بۆ جه‌ژنى ره‌مه‌زان گه‌شتوگوزاریی هه‌رێم چاوى له‌سه‌ر گه‌شتیارانى باشووره‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/06/2018‌ :: 1221‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
هاوشێوه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى ساڵى رابردوو گه‌شتوگوزارى هه‌رێم چاوه‌ڕوانى گه‌شتیارانى ناوچه‌كانى خوارووى عێراقه‌، وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار ده‌ڵێت، داخستنى رێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كان كاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ى گه‌شتیار، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى گه‌شتیارى سلێمانیش ئاماژە بەوەدەکات سزاى ئه‌و خواردنگانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ جه‌ژندا دایده‌خه‌ن.


چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ رۆژانى جه‌ژندا ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى گه‌شتیاران له‌ شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراقه‌وه‌ روو له‌ هاوینه‌هه‌وار و سه‌یرانگاكانى هه‌رێم بكه‌ن.

فه‌رمانگه‌كانى گه‌شتوگوزاریش ئه‌گه‌رچى چاویان له‌سه‌ر ئه‌و رێگرییانه‌یه‌ كه‌ هۆكاره‌ بۆ كه‌مى هاتنى گه‌شتیار، به‌ڵام رایده‌گه‌یه‌نن ئاماده‌كارى و هه‌ماهه‌نگى پێویستیان بۆ پێشوازى ئه‌نجامداوه‌.

نادر رۆستى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزاریى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیاران له‌ جه‌ژندا، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سه‌ر به‌ گه‌شتوگوزار كۆبوینه‌ته‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌، چه‌ند لیژنه‌یه‌كیش پێكهێنراوه‌ بۆ پێشوازى و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریى له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، هه‌روه‌ها رێبه‌رى ئه‌لیكترۆنى و كاغه‌زیمان بۆ گه‌شتیار هه‌یه‌، كه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بدرێنه‌ ئوتێل و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان".

وتیشى "ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ وه‌ك ئێستا ئارام بێت، ره‌نگه‌ ژماره‌ى هاتنى گه‌شتیار وه‌ك جه‌ژنى ره‌مه‌زانى 2017 بێت، له‌كاتێكدا ساڵى رابردوو له‌ جه‌ژندا 243 هه‌زار گه‌شتیار هاتبوونه‌ هه‌رێم".  

له‌باره‌ى ئاستەنگه‌كانى به‌رده‌م هاتنى گه‌شتیارن بۆ هه‌رێم روستى باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر رێگاكانى هه‌ولێر-كه‌ركوك و دهۆك-موسڵ بكرێنه‌وه‌، ئاسانكارییه‌كى زۆر بۆ گه‌شتیارانى ناوچه‌كانى خواروو ده‌كرێت، ره‌نگه‌ ژماره‌ى گه‌شتیاران زۆر به‌رز بوایه‌.

رۆستى ئاماژه‌شیدا، هه‌روه‌ها رسوماتى ئێران كه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیانى خۆیدا ده‌سه‌پێنێت، له‌ گه‌شتى سه‌ره‌تایى 230 هه‌زار تمه‌ن و له‌ گه‌شتى دووه‌مدا 440 هه‌زار تمه‌ن و له‌ گه‌شتى سێیه‌مدا 400 هه‌زار تمه‌ن وه‌رده‌گیرێت كه‌ ئاسته‌نگێكى سه‌ره‌كییه‌.

هه‌روه‌ك وتیشى "له‌ سنورى هه‌رێمیش بڕى 25 هه‌زار دینار له‌هه‌ر گه‌شتیارێك وه‌رده‌گیرێت، كه‌ بۆ گه‌شتیار زۆره‌، ئه‌مانه‌ كێشه‌ن له‌به‌رده‌م هاتنى گه‌شتیار، به‌ڵام گه‌شتیاره‌كانى هه‌رێم له‌ 80%ى خه‌ڵكى ناوچه‌كانى خوارووى عێراقن، هه‌ماهه‌نگیشمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان هه‌یه‌ و ئه‌وانیش ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ هێنانى گه‌شتیار، به‌ڵام پێدانى ڤیزا به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نییه‌".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ مسته‌فا حه‌مه‌ ره‌حیم، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى گه‌شتیارى له‌ گه‌شتوگوزارى سلێمانى بۆ دواڕۆژ وتى "تیمى پێشوازى له‌ گه‌شتیاران پێكهێنراوه‌ و به‌سه‌ر بازگه‌كاندا دابه‌شكراون، هه‌روه‌ها سه‌نته‌رى زانیاریى و تیمى به‌دواداچوون بۆ خواردنگه‌كانى ناو شار هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ جه‌ژدا بكرێنه‌وه‌ و رێنمایش به‌سه‌ر گه‌شتیارانیدا دابه‌شده‌كرێت". 

به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى گه‌شتیارى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "خاوه‌نى خواردنگه‌كان به‌ڵێننامه‌یان پڕكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ جه‌ژنیشدا بیكه‌نه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سزاده‌درێن به‌وه‌ى له‌ ساڵێكى تر رێگه‌یان پێنادرێت له‌ ره‌مه‌زاندا بیكه‌نه‌وه‌".

كۆمپانیاكانى بوارى گه‌شتیاریى رۆڵى به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ هێنانى گه‌شتیار بۆ هه‌رێم و رێنوێنى كردنیان، ساڵانه‌ له‌ بۆنه‌كان ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ڕێگه‌ى كۆمپانیاكانه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێم.

ئه‌حمه‌د عبدوڵا، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى سمارت تراڤڵ بۆ كاروبارى گه‌شتیارى به‌ دواڕۆژى وت "مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق دێنه‌ هه‌رێم و ده‌چنه‌ ئوتێلى چوار یان پێنج ئه‌ستێره‌یی، ئێستا ژماره‌یه‌ك گه‌شتیارمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت بێنه‌ سلێمانى، دواتر ده‌چنه‌ ناوچه‌ى هه‌ورامان و ئه‌حمه‌دئاوا".

ناوبراو باسى له‌وه‌شكرد، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ ناكه‌ین كه‌ ده‌چنه‌ ئوتێلى دوو یان سێ ئه‌ستێره‌یى و پاره‌یه‌كى كه‌م ده‌ده‌ن، گه‌شتیار به‌ فڕۆكه‌ ده‌هێنینه‌ هه‌رێم، ئه‌مساڵیش    پێشبینى ده‌كرێت رێژه‌ى گه‌شتیار وه‌ك ساڵى رابردوو بێت. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە