ده‌قى رێككه‌وتننامه‌كه‌ى نێوان دۆناڵد تره‌مپ و كیم جۆنگ ئون

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 983‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ
رۆژى سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 12 ى حوزه‌یرانى 2018، دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باڵاى نێوان دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا و كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكى كۆریاى باكور كه‌ له‌ هاوینه‌هه‌وارى سنتوسا له‌ سه‌نگاپور ئه‌نجامیان دا، رێككه‌وتنێكى مێژووییان واژۆكرد. 

ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قى ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌:


سه‌رۆك تره‌مپ و سه‌رۆك كیم جۆنگ ئون، بیروڕاى ته‌واو و قوڵ و بێگه‌ردى خۆیان ئاڵوگۆڕكرد ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ بنیاتنانى په‌یوه‌ندیى نوێ له‌ نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمارى كۆریاى میلـلیى دیموكرات و دامه‌زراندنى سیستمێكى جێگیر و هه‌میشه‌یى بۆ ئاشتى له‌ نیوه‌دورگه‌ى كۆریا. سه‌رۆك ترامپ به‌ڵێنى دا به‌ پێشكه‌شكردنى گره‌نتى به‌ كۆمارى كۆریاى میلـلیى دیموكرات و سه‌رۆك كیم جۆنگ ئون-یش دووباره‌ پابه‌ندبوونى نه‌گۆڕ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى خۆیى جه‌خت كرده‌وه‌ بۆ داماڵینى چه‌كى ئه‌تۆمیى به‌ ته‌واوه‌تى له‌ نیوه‌دورگه‌ى كۆریا. 


به‌ په‌یبردنى هه‌رووكیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ دروستكردنى په‌یوه‌ندیى نوێى نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمارى كۆریاى میلـلیى دیموكرات كاریگه‌ریى ده‌بێت له‌سه‌ر هێنانه‌دیى ئاشتى و به‌ره‌وپێشچوون له‌ نیوه‌دورگه‌ى كۆریا و له‌ سۆنگه‌ى داننانیان به‌وه‌ى كه‌ متمانه‌ى نێوانیان ده‌كرێت ببێته‌ هۆى پێشخستنى پرۆسه‌ى داماڵینى چه‌كى ئه‌تۆم له‌نیوه‌دورگه‌ى كۆریا، سه‌رۆك تره‌مپ و سه‌رۆك كیم جۆنگ ئون رایده‌گه‌یه‌نن كه‌:

1ـ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات به‌ڵێنیان دا به‌ دامه‌زراندنى په‌یوه‌ندیى نوێ له‌ نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات به‌پێى ویستى گه‌لانى هه‌ردوو وڵات بۆ ئاشتى و به‌ره‌وپێشچوون.

2ـ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات هه‌وڵه‌كانیان یه‌كده‌خه‌ن له‌پێناو دامه‌زراندنى سیستمێكى هه‌میشه‌یى و جێگیرى ئاشتى له‌ نیوه‌دورگه‌ى كۆریا.

3ـ دووباره‌ جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى پانموجۆن له‌ 27ى نیسانى 2018 (كه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ بڵاوكرایه‌وه‌)، كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات به‌ڵێن ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كار بكات بۆ داماڵینى ته‌واوه‌تیى چه‌كى ئه‌تۆم له‌ نیوه‌دورگه‌ى كۆریا.

4ـ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات به‌ڵێن ده‌ده‌ن له‌سه‌ر گه‌ڕان به‌دواى ئێسكوپرووسكى دیله‌كانى جه‌نگ و بێسه‌روشوێنه‌كان و گێڕانه‌وه‌ى ده‌ستوبردانه‌ى ئه‌وانه‌یان كه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌.

دانیشیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات له‌ مێژوودا، رووداوێكى گه‌وره‌ى گرنگ و جێى بایه‌خه‌ و لاپه‌ڕه‌كانى چه‌ندین گرێ له‌ په‌شێوى و دوژمنایه‌تیى نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌پێچێته‌وه‌ و مژده‌ى پاشه‌ڕۆژێكى نوێ ده‌دات. هه‌ردوو سه‌رۆك تره‌مپ و كین جۆنگ ئون به‌ڵێن ده‌ده‌ن به‌نده‌كانى ئه‌م به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌ به‌ته‌واوه‌تى جێبه‌جێ بكه‌ن.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات به‌ڵێن ده‌ده‌ن له‌ نزیگترین ده‌رفه‌تدا دیالۆگى چاودێرى و به‌دواداچوون ئه‌نجام بده‌ن كه‌ مایك پۆمپیۆ-ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و هاوشانێكى پله‌ به‌رزى له‌ كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات سه‌رۆكایه‌تى ده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌نجامه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ى نێوان هه‌ردوو وڵاته‌كه‌.

هه‌ردوو سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و كین جۆنگ ئون به‌ڵێنى هاوكاریى ده‌ده‌ن له‌پێناو پێشخستن و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى نوێى نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمارى كۆریاى میللـلیى دیموكرات و پته‌وكردنى ئاشتى و به‌ره‌وپێشچوون و ئارامى له‌ نیوه‌دورگه‌ى كۆریا و جیهانیش.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure