گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ پێشبینى هاتنى 50 هه‌زار گه‌شتیار ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 12/06/2018‌ :: 638‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد، له‌مڕۆوه‌ سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیارانى ناوخۆیى و ده‌ره‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و به‌هۆى باشتربوونى گوزه‌رانى هاووڵاتیان و نه‌مانى شه‌ڕى داعش و ئاسانكارى بۆ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان، پێشبینى هاتنى زیاتر له‌ 50 هەزار گه‌شتیار ده‌كه‌ن کە بچنه‌ سنوره‌كه‌وە.


سامان كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، هاوشێوه‌ى جه‌ژن و بۆنه‌كانى ساڵانى رابردوو، ئه‌مساڵیش به‌بۆنه‌ى هاتنى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه‌ سه‌رجه‌م تیمه‌كانمان ئاماده‌كارییه‌كانیان به‌ كۆتا گه‌یاندووه‌ بۆ پێشوازیکردن له‌ گه‌شتیاران و پێدانى رێنمایى پێویست و چاودێریكردنى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان و دابینكردنى پێداویستییه‌كانى گه‌شتیاران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌مڕۆوه‌ ئاماده‌كارییه‌كانمان ده‌ستپێكردووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌مساڵدا شه‌ڕى داعش نه‌ماوه‌ و هه‌روه‌ها ئاسانكارى زۆر كراوه‌ بۆ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان بۆ هێنانى گه‌شتیار و هاوكات پێدانى مووچه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران له‌كاتى خۆیدا و باشتربوونى گوزه‌رانى هاووڵاتیان كاریگه‌رى باشیان ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ رێژه‌ى هاتنى گه‌شتیاران بۆ ناوچه‌كه‌ به‌جۆرێك له‌ ساڵى رابردوودا نزیكه‌ى 50 هه‌زار گه‌شتیار هاتنه‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌مساڵ پێشبینى زیاتر ده‌كه‌ین له‌و ژماره‌یه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "لیژنه‌كانمان چاودێرى كه‌پر و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌بگرن له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى شوێنى دانیشتن و هه‌روه‌ها رێگرتن له‌هه‌ر قۆرخكارییه‌ك له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوا له‌ گه‌شتیاران ده‌كه‌ین پابه‌ندى رێنماییه‌ گه‌شتیارییه‌كان بن و ژینگه‌ و سروشتى ناوچه‌كه‌ بپارێزن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە