كوردستانی نوێ‌ كۆڕێك بۆ د.شێركۆ عەبدوڵا لەبواری تەنز نووسین رێكدەخات

هەواڵ / که‌لتور :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 484‌ جار بینراوە

تاگ :: کەلتور

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئەمڕۆ سێشەممە 12ی حوزەیرانی 2018، لە چوارچێوەی وەرزی دواخراوی یادی رۆژنامەگەری كوردی دا، ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌ كۆڕێكی لەبارەی ئەدەبیاتی تەنز لە ئەزمونی رۆژنامەگەری (د.شێركۆ عەبدوڵا) رێكخست.

لە كۆڕەدا كە ژمارەیەكی بەرچاو رۆژنامەنووس و رۆشنبیر ئامادەی بوون، د.شێركۆ عەبدوڵا نووسەری بواری تەنز، باسی لە سەرەتای دەستپێكردنی نووسینە تەنزئامێزەكانی كرد، تا گەیشتووە بەوەی گۆڤاری (سیخوڕمە)ی دەركردووە و ئەزمونی رۆژنامەگەری كوردی كامڵ كردووە، چونكە ئازادی رەخنەگرتنی تێدا بەرجەستەبووە.

ئەوەشی خستەڕوو، كە ئێستا گۆڤاری سیخوڕمە بەشێوەی ئەلكترۆنی بڵاودەكرێتەوە و بڕیاریشیانداوە لە ئایندەیەكی نزیكدا بە شێوەی كاغەز چاپی بكەنەوە.

د.شێركۆ عەبدوڵا، لە كۆڕەكەیدا هێمای بۆ ئەزمونێكی نوێی خۆی كرد لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، ئەویش نووسینی وتاری تەنز-ی رۆژانەیە، كە بۆ ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە و پێشیوابوو پانتایی ئازادی لەو رۆژنامەیە بوونی هەیە لەكاتێكدا هی حزبێكی دیاریكراوە و زۆرجار رەخنەی لەو حزبەش گرتووە.

لەدوای باسكردنی ئەزمونی وتارنووسینی لە بواری تەنز و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی و فلم كارتۆندا، ئامادەبووان دەستۆخشیان لە نووسەر كرد و چەندین پرسیاریان لەسەر نووسین لە بواری تەنز لێكرد.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure