سلێمانى: 60 ده‌فته‌ر دۆلار له‌ خاوه‌ن نوسینگه‌یه‌ك ده‌سه‌نرێت

هەواڵ / ئابوری :: 11/06/2018‌ :: 20638‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى - سامان قوبادى
شه‌وى هه‌ینى رابردوو له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكى نه‌ناسراوه‌وه‌، بڕى 60 ده‌فته‌ر دۆلار (600.000 دۆلار) له‌ كوڕى خاوه‌ن نوسینگه‌یه‌كى ئاڵوگۆڕى دراو له‌ سلێمانى ده‌سه‌نرێت،  به‌وته‌ى خاوه‌نى نوسینگه‌كه‌ش چه‌كداره‌كان ده‌مامكداربوون و نه‌ناسراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دۆسیه‌كه‌ لاى پۆلیسه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت. 


سه‌باره‌ت به‌ ورده‌كارى رووداوه‌كه‌ حاجى حه‌بیب خاوه‌نى نوسینگه‌ى (بێباك) بۆ ئاڵوگۆڕى دراو له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "شه‌وى هه‌ینى رابردوو  كوڕه‌كه‌م بڕى 60 ده‌فته‌ر (600.000) دۆلار ده‌بات بۆ كۆمپانیایه‌ك له‌ نزیك ته‌رمیناڵى شاره‌زوور، به‌ڵام شه‌ش چه‌كدارى ده‌مامكدار له‌ ئۆتۆمبیلێكدا رێگه‌ى لێده‌گرن و پاره‌كه‌ى لێده‌سێنن".

حاجى حه‌بیب، باسى له‌وه‌شكرد به‌هۆى ئه‌وه‌ى چه‌كداره‌كان ده‌مامكداربوون، بۆیه‌ نه‌ناسراونه‌ته‌وه‌، دۆسیه‌كه‌ش لاى پۆلیسه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونى له‌سه‌ر ده‌كرێت، هاوكات كامێراى چاودێرى ئه‌و شوێنه‌ لاى ده‌زگاى ئه‌منییه‌.

به‌ووته‌ى ناوبراو، تائێستا گومانیان له‌ كه‌س نییه‌، هیچ كه‌سێك به‌و تۆمه‌ته‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.
 
به‌مه‌به‌ستى زانینى لێكۆڵینه‌وه‌كان و ده‌ستگیركردنى تۆمه‌تباره‌كان، دواڕۆژ، په‌یوه‌ندى به‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى سلێمانییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كیان له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌خسته‌ڕوو.

له‌باره‌ى كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌م جۆره‌ رووداوانه‌ له‌سه‌ر بازاڕى دارایى و جموجوڵى بازرگانى جه‌بار گۆران به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى فه‌ریدوون بۆ ئاڵوگۆڕى دراو له‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى بۆ دواڕۆژ باس له‌وه‌ ده‌كات بردنى پاره‌ى خاوه‌ن نوسینگه‌ و كۆمپانیاكانى بازاڕى دۆلاره‌كه‌ى سلێمانى تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ریى خراپى هه‌یه‌ له‌سه‌ر بازاڕه‌كه‌ و جموجوڵى بازرگانى.

وتیشى "پێویسته‌ هه‌موو خاوه‌ن كۆمپانیاكان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌بوارى دراو و كارى سه‌ڕافیدا كارده‌كه‌ هۆشیاریی ئه‌وه‌یان هه‌بێت، كه‌ پێویسته‌ هه‌موو پێدان و وه‌رگرتنێكى پاره‌ له‌ناو خودى بازاڕه‌كه‌دا بێت، به‌ڵام كاتێك ده‌چیته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ش بكه‌یت كه‌ رووبه‌ڕووى دۆخێكى له‌م شێوه‌یه‌ ببیته‌وه‌، چونكه‌ بازاڕى دۆلاره‌كه‌  ئه‌منیه‌تى به‌هێزى هه‌یه‌ و ئاسایشى سلێمانى پارێزگارى لێده‌كات".

ئه‌و بازرگانه‌ى ئاڵۆگۆڕى دراو وتیشى "پێشتریش له‌م جۆره‌ رووداوه‌ له‌ شارى هه‌ولێر روویداوه‌، به‌ڵام تاوانباره‌كان ده‌ستگیر كراون و به‌سزاى خۆیان گه‌یه‌نراون، هه‌روه‌ها چوار ساڵ پێش ئێستا كۆمه‌ڵێك بازرگانى ئاڵوگۆڕى دراو به‌هه‌مانشێوه‌ ئۆتۆمبێلێك رێگه‌ى پێگرتن و پاره‌یه‌كى زۆریان لێسه‌ندرا".

جه‌بار گۆران ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پێویسته‌ لایه‌نى ئه‌منى لێكۆڵینه‌وه‌ى جدى له‌م روداوانه‌ بكات و تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیر بكرێن، چونكه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندى به‌ بازاڕى داراییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ هۆكارى گه‌شه‌سه‌ندى ئابوورى هه‌موو وڵاتێكه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌زگاى ئه‌منى به‌دواداچوون بۆ ئه‌م پرسانه‌ بكات. 
 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure