قایمقامی سلێمانی: نەمانتوانیوە دیاردەی تەقاندن و فرۆشتنی تەقەمەنی کۆنترۆڵبکەین

هەواڵ / کوردستان :: 11/06/2018‌ :: 933‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محەمەد
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ھەموو ئامادەکارییەک کراوە لەڕۆژانی جەژندا بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پاراستنی ھاووڵاتیان.

ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەمە 11ی حوزەیرانی 2018 رایگەیاند "لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە لەڕۆژانی جەژندا ھاووڵاتیان بە ئارامی ڕۆژەکانیان بەڕێبکەن و گەشتیاران ھیچ کەموکوڕییەکیان نەبێت".

وتیشی "ھەموو کارئاسانییەکمان کردووە بۆ ھاتنی زۆرترین گەشتیار بۆ شاری سلێمانی، لیژنەی پێشوازی تایبەت لەبازگەکان دادەنرێت بۆ پێشوازی لەگەشتیاران و ڕێنمایی پێویستیان پێدەدرێت، سەرجەم ڕێستۆرانت، میوانخانە، سەمونخانە و نانەواخانەکان کراوەدەبن".

ئاماژەی بەوەشدا لەڕۆژانی دووەم و سێیەم رۆژی جەژندا ھەموو ڕێگەکانی چونەدەرەوەی ھاووڵاتیان بۆگەشتوگوزار پارێزراودەبن و ھێزەکانمان لەوناوە دەبن، ناوشاریش بەھەموو شێوەیەک لەژێر چاودێری ھێزەکانماندا دەبێت.

لەبارەی دیاردەی تەقەمەنییەوە ئەوەشی وت "ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش ڕاسپێردراون کە دەست بەسەر ھەموو ئەو تەقەمەنییانەدا بگرن کە دەفرۆشرێن لەبازاڕدا وەکاربکرێت بۆ دەستگیرکردنی بازرگانان کە ئەو تەقەمەنییانە دەھێننە ناوشاری سلێمانی تا ڕووبەڕووی یاسایان بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست نەمانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەین، چەنکە زۆربەی ئەو تەقەمەنییانە بەقاچاغ دێنە کوردستانەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure