سه‌یدسادق: پۆلیس 20 كه‌سى سه‌رپێچیكار ده‌ستگیرده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 11/06/2018‌ :: 433‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتن به‌ وه‌رزى قه‌ده‌غه‌كردنى ڕاوه‌ماسى، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى سه‌یدسادق ئاماره‌كانى سێ مانگى ڕابردووى كار و چالاكییه‌كانیان خسته‌ڕوو، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا 20 كه‌سى سه‌رپێچیكاریان ده‌ستگیركردووه‌ و 70 كیلۆ ماسیشیان له‌ ڕاوچییه‌كان سه‌ندوه‌ته‌وه‌.  

ڕائید سه‌ردار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سه‌یدسادق، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى له‌ 14/3/2018 به‌ فه‌رمانێكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو وه‌رزى قه‌ده‌غه‌كردنى ڕاوه‌ماسى ده‌ستیپێكرد، تیمه‌كانمان به‌رده‌وام چاودێرى ده‌ریاچه‌ى سیروان و دارستانه‌كانیان كردووه‌، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا 20 هاووڵاتی سه‌رپێچیكارمان ده‌ستگیركردووە كه‌ بڕی زیاتر له‌ 70 كیلۆ ماسییان پێبووه‌، هاوكات ده‌ستیشمان گرتووه‌ به‌سه‌ر به‌له‌مێك و ماتۆڕێكی ڕاوكردندا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌روه‌ها له‌ ساڵانی ڕابردوودا له‌ 17/6 كۆتایی به‌ وه‌رزی قه‌ده‌غه‌كردنی ڕاوه‌ماسی ده‌هات، به‌ڵام ئه‌مساڵ واده‌كه‌ی پێشخراوه‌ بۆ 14/6، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مساڵ به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو له‌م كاته‌دا ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر دابه‌زیوه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی كردوه‌ته‌ سه‌ر به‌رهه‌می ماسی له‌ ده‌ریاچه‌كه‌دا و زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌میش ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ بژێوى ژیانیان له‌ سه‌ر ڕاوه‌ ماسییه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سه‌یدسادق ئه‌وه‌ی وت "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سنورێكی به‌رفراوانمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ئه‌ركێكی قورسیشمان له‌ ئه‌ستۆدایه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست هاوكاریمان ناكرێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ ته‌نها له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ نه‌بێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure