یه‌كێتی له‌دادگای فیدراڵی سکاڵای له‌سەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆماركرد

هەواڵ / کوردستان :: 10/06/2018‌ :: 385‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌دادگای فیدراڵی تانه‌ ده‌دات له‌دانیشتنه‌كه‌ی 6ی حوزه‌یرانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.


رێبوار ته‌ها، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ دواڕۆژی وت "كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یران وه‌كو فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌مانه‌وه‌ له‌دادگای فیدراڵی تانه‌مان له‌دژی دانیشتنه‌كه‌ی 6ی حوزه‌یران تۆماركرد".

وتیشی "تانه‌كه‌مان له‌ 8 بڕگه‌ پێكهاتووه‌ كه‌ دیاریترینیان هه‌ژمارنه‌كردنی ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌رێمه‌ و پێمانوایه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ ته‌واو سه‌رپێچی یاسایه‌، چونكه‌ هه‌موو هاووڵاتییه‌ك و كارمه‌ندێكی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان مافی ده‌نگدان و خۆپاڵاوتنیان هه‌یه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، یه‌كێكی دیكه‌ له‌تانه‌كه‌یان، دژی دانانی دادوه‌ره‌ له‌شوێنی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران، ئه‌وه‌ش تێكه‌ڵكردنی كاری دادوه‌ری و جێبه‌جێكردنه‌ كه‌ به‌پێی یاسا ناكرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نایاسایی بووه‌ و پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنیش له‌و دانیشتنه‌ نایاسایی بووه‌ به‌وپێیه‌ی پێشتر له‌كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا نه‌بووه‌ و دواتر دانیشتنی نائاسایی ناكرێت به‌كراوه‌یی به‌جێبهێڵدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure