گه‌شتى فڕۆكه‌وانى تاران- سلێمانى ده‌ستیپێكرده‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 10/06/2018‌ :: 737‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
دواى نزیكه‌ى هه‌شت مانگ له‌ راگرتنى گه‌شته‌كانیان، به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ى حوزه‌یران یه‌كه‌م گه‌شتى نێوان تاران – سلێمانى ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

دانا محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت "دواى بڕیاری راگرتنى گه‌شته‌ ده‌ره‌كییه‌كانى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ له‌ 29ى ئه‌یلولى 2017، دواتر بڕیارى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گه‌شته‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانى شارستانى له‌ 14ى ئازارى 2018، چه‌ندین كۆمپانیا گه‌شته‌كانیان ده‌ستپێكرده‌وه‌".
 
وتیشى "ئێران و توركیا له‌دواى بڕیارى ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانى شارستانیش ده‌ستیان به‌ گه‌شته‌كان نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین گه‌شتى نێوان سلێمانى- تاران ده‌ستیپێكرده‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "پێشتریش بڕیارى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گه‌شته‌كانى نێوان سلێمانى – تاران درابوو، به‌ڵام كۆمپانیا ئێرانییه‌كان پێویستیان به‌ رێكخستنه‌وه‌ى خۆیان بوو، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ گه‌شته‌كانیان، چونكه‌ ئه‌وان بیر له‌لایه‌نى قازانج ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ماوه‌ى رابردوودا گه‌شتیار كه‌م بوو، بۆیه‌ دواى دیراسه‌كردن و رێكخستنه‌وه‌ى جارێكى تر ره‌زامه‌ندییه‌كان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ده‌ستیان به‌ گه‌شته‌كانیان كرده‌وه‌".

دانا محه‌مه‌د، باسى له‌وه‌شكرد "ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گه‌شته‌كانى نێوان سلێمانى – تاران، له‌لایه‌ن كۆمپانیاى (ماهان ئێر)ى ئێرانى بوو، كه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ گه‌شته‌كه‌ له‌ كاتژمێر 7:00 فڕۆكه‌كه‌ له‌تارانه‌وه‌ گه‌یشته‌ سلێمانى و كاتژمێر 8:15 خوله‌كیش له‌ سلێمانییه‌وه‌ فڕۆكه‌كه‌ گه‌شتى بۆ تاران كرده‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure