بڕه‌كه‌ى 721 ملیار دیناره‌
حكومه‌ت لیژنه‌یه‌ك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌زره‌كانى پێكده‌هێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 10/06/2018‌ :: 2104‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
دواى چه‌ندین جار ئاگاداركردنه‌وه‌ى حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ران به‌ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى حكومه‌ت، تائێستا ته‌نها 9% ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ گه‌رێنراوه‌ته‌وه‌ و  حكومه‌تى هه‌رێمیش لیژنه‌یه‌كى نوێى پێكهێناوه‌ به‌مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ و ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستانیش پێوایه‌، ده‌بێت حكومه‌ت بڕیارێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌ربكات.


به‌پێى ئه‌و ئامار و داتایانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى دوو كابينه‌ى رابردوودا، بڕى 721 ملیار دینار قه‌رزى داوه‌ته‌ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ر و به‌ڵێنده‌ران به‌شێوه‌ى قه‌رزى مه‌كشوف و خەصم (كۆمپیاله‌) و قه‌رزى نه‌قدى، ئه‌وانه‌شى سوودمه‌ندبوون (2.774) دوو هه‌زارو حه‌وت سه‌د و حه‌فتا و چوار كه‌سن، قه‌رزه‌كانیش له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شبووه‌، 447 ملیار دینار له‌ هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌ به‌ قازانجى 11%. 267 ملیار له‌ سلێمانى وه‌رگیراوه‌ به‌ قازانجى 3% بۆ 8% به‌شێوه‌ى قه‌رزى نه‌قدى، حه‌وت ملیار دیناریش له‌ دهۆك وه‌رگیراوه‌ به‌ قازانجى 11%.

له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى ساڵى 2016 له‌ قۆناغی‌ دووه‌می‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازیدا، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 21 خاڵی‌ راگه‌یاند‌ كه یه‌كێكیان تایبه‌ت بوو به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ قه‌رز له‌ كۆمپانیاكان، تیایدا بڕیاردرا ته‌واوی‌ ئه‌و كۆمپانیا و بازرگان‌ و كه‌سانه‌ی‌ قه‌رزی‌ بازرگانییان له‌ بانكه‌ بازرگانییه‌كانی‌ گشتی‌ وه‌رگرتووه‌، پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا ئه‌و قه‌رزه‌ بۆ حكومه‌ت بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بارمته‌كانیان ده‌فرۆشرێن، دواى جێنه‌جێنه‌كردنى ئه‌و بڕیاره‌ دواتر حكومه‌ت ماوه‌ى شه‌ش مانگى دیكه‌ى بۆ كۆمپانیاكان درێژكرده‌وه، واته‌ تاوه‌كو 6ى كانوونى یه‌كه‌مى 2017 به‌هه‌مانشێوه‌ وه‌كو پێویست جێبه‌جێنه‌كرا.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون، له‌ كۆى ئه‌و 721 ملیاره‌ى قه‌رزى حكومه‌ت لاى كۆمپانیاكان تائێستا 9% گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. بۆیه‌ حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى نوێى پێكهێناوه‌ به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان، له‌ حاڵه‌تى نه‌دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانیشیان ده‌ستده‌گیرێت به‌سه‌ر موڵك و ره‌هنه‌كانیان.

به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ دواڕۆژ، ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ى حكومه‌ت كه‌ نوێنه‌رى چه‌ندین وه‌زاره‌ت و په‌رله‌مانى كوردستانى تێدایه‌، به‌نیازن ئه‌مجاره‌ بڕیارێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربكه‌ن، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ قه‌رزه‌كه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت چیتر ماوه‌ى مۆڵه‌ته‌كه‌یان بۆ درێژنه‌كرێته‌وه‌ و، رێككارى یاساییان له‌ به‌رامبه‌ر زه‌وى و مومتەلەكاتیان بگیرێته‌به‌ر و ده‌ستیبه‌سه‌ردابگیرێت و بخرێته‌ زیادکردنی ئاشكراوه.

فرسه‌ت سۆفى، ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "حكومه‌تى هه‌رێم پێویسته‌ له‌باره‌ى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانیان له‌سه‌ر كۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ران بڕیاره‌كه‌ى خۆیان جێبه‌جێبكه‌ن، یاخود میكانیزمێكى نوێ بدۆزنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گرفته‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مان، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، پاره‌ى قه‌رزه‌كانى كۆمپانیاكان به‌گوێره‌ى پێویست نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و بڕیاره‌كانى پێشووترى حكومه‌تیش وه‌ك خۆى جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

پێشتریش ئه‌حمه‌د رێكانى، سه‌رۆكى یه‌كێتى وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ لێدوانێكیدا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاندبوو "ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رگیراوه‌ بۆ كار وه‌رگیراوه‌ و له‌ناو پڕۆژه‌‌ و كاری‌ بازرگانیدایه‌، وه‌ك چۆن هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ قه‌یرانی‌ دارایدایه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ پڕۆژه‌كانیش توشی‌ قه‌یران بوون، بۆیه‌ قورس‌ و ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ له‌كاتی‌ خۆی‌‌ و به‌پێی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ حكومه‌ت بدرێنه‌وه‌".

رێكانی‌، ئاماژه‌شى به‌وه‌شكردبوو، ئه‌و موڵكانه‌ی‌ لای‌ حكومه‌ت له‌به‌رانبه‌ر قه‌رزه‌كان بارمته‌یه‌، ئێستا ئه‌و پاره‌یه‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ قه‌رزه‌كه‌ی‌ پێوه‌رگیراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure