ئه‌مریكا هاوكاری مه‌سیحی و كوردانی ئێزدی ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 10/06/2018‌ :: 997‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
حكومه‌تی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی، هاوكاری كوردانی ئێزدی و مه‌سیحییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، په‌رله‌مانتارێكی مه‌سیحیش ئاشكرایده‌كات، هاوكارییه‌كه‌ ئه‌مساڵ ده‌گاته‌ ده‌ستی هاووڵاتیان. 

 
لەماوەی رابردوودا به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ هاوكاری ناكرێن، مه‌سیحییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كوردانی ئێزدی نیگه‌رانییه‌كانی خۆیان گه‌یانده‌ ویلایە‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. 
  
وه‌حیده‌ یاقۆ هۆرمز، په‌رله‌مانتاری مه‌سیحی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌ عێراق هاوكاری پێویست پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كانی مه‌سیحی نه‌كراوه‌، له‌بری به‌رنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ هاوكاری ئاواره‌كان پێشكه‌شده‌كات". 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی "لەڕێگه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراقی كراوه‌ ئه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌ بەغدا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوكاری پێویستیان نه‌گه‌یاندوەته‌ ئه‌و مه‌سیحی و ئێزدییانه‌ی رووبه‌ڕووی سته‌می داعش بوونه‌ته‌وه"‌.

وه‌حیده‌ یاقۆ هۆرمز وتیشی "هاوكارییه‌كان به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێشكه‌شی ئاواره‌ی مه‌سیحی و كوردانی ئێزدی ده‌كرێت ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ راسته‌وخۆ و خێراتر هاوكارییه‌كان دابه‌شده‌كرێن و ئه‌مساڵیش ده‌گاته‌ ده‌ستی ئاواره‌كان".

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكی داهاتوودا سه‌رۆكی ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌ردانی عێراق ده‌كات و له‌ نزیكه‌وه‌ ره‌وشی ئاواره‌كان ده‌بینێت و دواتر بڕیاری هاوكاریكردنه‌كه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە كە به‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure