لەبه‌رده‌م ماڵی مامۆستایه‌كی ئایینی تەقینەوەیەک ڕویدا

هەواڵ / کوردستانی :: 10/06/2018‌ :: 2802‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، تەقینەوەیه‌ك لە بەردەم ماڵێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەڵەبجە ڕوویدا، جگە لە زیانی ماددی زیانی گیانی بەدواوە نەبووەو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.


بە گوێرەی زانیاریەکانی دواڕۆژ، تەقینەوەکە لەکاتژمێر2:35ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەڕێگەی بۆمبیکی دەنگییەوە بووە لە گەڕەکی شارەوانی هەڵەبجە لەبەردەم ماڵی مامۆستایەکی ئایینی، جگە لە زیانی ماددی کە بەر خانووەکە کەوتووە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

تائێستا ڕوون نەبووەتەوە ئاخۆ بۆمبی چێنراو بووە تەقیوەتەوە یاخود بومبی دەستیی بووەو فڕێدراوەتە ماڵی ئەو مامۆستا ئایینییە، بەڵام بۆمبەکە دەنگێکی زور گەورەی هەبووە کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی هەڵەبجە هەستیان پێکردووە.

دواڕۆژ بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ڕووداوەکەوە پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوەکرد، بەڵام بەهۆی سەرقاڵ بونیان بەلێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە هیچ زانیارییەکیان ئاشکرا نەکرد.

دوای  تەقینەوەکەش تیمەکانی  پۆلیس و ئاسایش  لێکۆڵینەوەیان لەشوێنی ڕوداوەکە  دەستپێکردووە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure