پارتى: بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران سه‌ره‌تایه‌كى مه‌ترسیداره‌

هەواڵ / کوردستان :: 09/06/2018‌ :: 1016‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
مەکتەبی سیاسی پارتی بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق تایبه‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ "نا ده‌ستووری و نا یاسایی" و دژ به‌ خواست و ئیراده‌ی خه‌ڵك ناوده‌بات و رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره‌كه‌ سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداره‌ به‌ره‌و زیاتر ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیریی. 


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ى حوزه‌یرانى 2018 مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان كۆبوه‌وه‌ و دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، "سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق به‌ پاڵپشتی هه‌ندێ لایه‌ن و سواربوونی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك، ژماره‌یه‌ك بڕیار و یاسای نا ده‌ستوری ده‌رچواندوه‌ كه‌ سه‌رتاپای پرۆسه‌ی سیاسی عێڕاق توشی چه‌قبه‌ستوویی و ئاڵۆزی ده‌كه‌ن".

له‌ به‌شێكى ترى به‌یاننامه‌كه‌دا رایده‌گه‌یه‌نێت، بانگهێشتی ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناوخۆی عێراق و ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ین هه‌رچی زوتره‌ به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری و ئارامی و سه‌قامگیری هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ.

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: 

راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

جه‌ماوه‌ری خۆڕاگری كوردستان..
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان..
ئه‌مڕۆ عێڕاق به‌ بارودۆخێكی ناله‌باردا تێده‌په‌ڕێ، به‌تایبه‌تی دوای ده‌ركه‌وتنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ به‌شدارانی پرۆسه‌ی سیاسی كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ئاكامه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نه‌بوو، بێ‌ ره‌چاوكردنی ده‌ستوور و یاساكان به‌ بڕیار و هه‌ڵوێستی ئینفیعالی هه‌موو پرۆسه‌كه‌یان به‌ ئاراسته‌یه‌كی مه‌ترسیداردا بردووه‌.
ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ كۆمسیۆنی بالا نوێنه‌رمان نییه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تیمان هه‌ر له‌دوای كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و راگه‌یاندنی ده‌رئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، نیگه‌رانی خۆمان له‌ به‌یانێكدا راگه‌یاند و به‌ باشمان زانی كه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومان و نیگه‌رانیه‌كانی هه‌موو لایه‌ك و پاراستنی سه‌قامگیری، له‌و شوێن و وێستگانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌رهه‌یه‌ به‌گوێره‌ی یاسا لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت و به‌پێی پێویست ده‌ستژمێری ده‌نگه‌كان بكرێت یان ئه‌گه‌ر پێویست بكات له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق و كوردستان ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ئه‌ژمار بكرێنه‌وه‌، ئێستاش هه‌مان ره‌ئیمان هه‌یه‌.
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق به‌ پاڵپشتی هه‌ندێ لایه‌ن و سواربوونی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك، ژماره‌یه‌ك بڕیار و یاسای نا ده‌ستوری ده‌رچواندوه‌ كه‌ سه‌رتاپای پرۆسه‌ی سیاسی عێڕاق توشی چه‌قبه‌ستوویی و ئاڵۆزی ده‌كه‌ن، ئیلغاكردن و ئه‌ژمارنه‌كردنی ده‌نگی هاوڵاتیان ده‌بێ‌ به‌گوێره‌ی رێككاره‌ یاسایی و ده‌ستووریه‌كان بێ‌ ئه‌ویش دوای لێكۆڵینه‌وه‌ و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ئه‌گه‌ر مخاله‌فه‌ یان ته‌زویری تێداكرابوو كه‌ به‌ڕێژه‌یه‌ك بێت له‌ ئاستی ئه‌وه‌دابێ‌ ته‌واوی سندوق یان وێستگه‌كه‌ ئیلغابكرێت، نه‌ك ویست و خواستی لایه‌نی سیاسی و كه‌سه‌كان بكرێته‌ پێوه‌ر.
هاووڵاتیانی خوشه‌ویست..
خه‌ڵكی كوردستان به‌هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و پێشه‌ییه‌كانه‌وه‌ مافی ده‌ستووری خۆیانه‌ به‌شداربن له‌ ده‌نگدان و ئازادانه‌ نوێنه‌رانی خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن، بۆیه‌ ناكرێت ئه‌و مافه‌ له‌كه‌س زه‌وت بكرێت. هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئه‌و هێزه‌ قاره‌مانانه‌ن كه‌ به‌وپه‌ڕی ئازایه‌تی و له‌خۆبردوییه‌وه‌ به‌رگراییان له‌ خه‌ڵكی كوردستان و عێڕاق و جیهانیش كرد و له‌و پێناوه‌شدا قوربانی زۆریان داوه‌، له‌بری پاداشتكردن و قه‌درزانینیان ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاری بۆ ئیلغاكردنی ده‌نگه‌كانیان ده‌ركردووه‌! ئه‌م یاسا و بڕیاره‌ هه‌نگاوێكی ناده‌ستووری و نا یاساییه‌ و قبوڵكراو نییه‌، دڵنیاشین گه‌لی كوردستان و لایه‌نه‌ دڵسۆزه‌كان له‌ عێڕاق و كوردستان ئه‌م بڕیار و یاسایه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.
سه‌باره‌ت ئه‌ژمارنه‌كردنی سندوقی ده‌نگه‌كانی كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ خوشك و برایانی ئاواره‌ی ئێزدی و هه‌روه‌ها ده‌نگی سه‌رجه‌م ئاواره‌كانی دیكه‌ و ده‌نگدانی مه‌رجدار و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی هه‌موو پێكهاته‌كان، ده‌بێ‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت نه‌ك به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندنی هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن، ده‌بێ‌ كۆی پرۆسه‌كه‌ له‌ سێبه‌ری ده‌ستوور و یاساكان ده‌رنه‌چێت.
هاووڵاتیانی به‌ڕێز..
پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌م جۆره‌ بڕیار و یاسا و هه‌نگاوه‌ نا ده‌ستووری و نا یاساییانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دژ به‌ خواست و ئیراده‌ی خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی پێناسه‌ ده‌كات و به‌ سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداری ده‌زانێت به‌ره‌و زیاتر ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیری، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین ئه‌م جموجۆڵ و بڕیار و یاسایانه‌ به‌زوویی چاویان پێدابخشێنرێته‌وه‌ و ره‌چاوی ده‌ستوور و به‌ژه‌وه‌ندی گشتی بكرێت و هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هاوێژراوه‌ سه‌ربگرێت، ئێمه‌ی پارتی و زۆر لایه‌نی دیكه‌ی كه‌ به‌خه‌می سه‌قامگیری و چاره‌سه‌ری ئاڵۆزیه‌كانن، هه‌ڵوێستمان ده‌بێ‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ بانگهێشتی ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناوخۆی عێڕاق و ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ین هه‌رچی زوتره‌ به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری و ئارامی و سه‌قامگیری هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ.

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
2018/6/9



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە