چیرۆكی ئازادكردنی تۆمه‌تبارێك به‌ كوشتنی تاقانه‌یه‌كی ئه‌نفال

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/06/2018‌ :: 2992‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كاروان گه‌رمیانی
به‌ بڕیارێكی داداگای پێداچوونه‌وه‌، ته‌یمور عه‌بدوڵا تاقانه‌ی ئه‌نفال كه‌ پێشتر به‌ تۆمه‌تی كوشتنی تاقانه‌یه‌كی تری ئه‌نفال به‌ زیندانی هه‌تا هه‌تایی حوكمدرابوو، ئازاده‌كرێت، خێزانی بكوژه‌كه‌ش ده‌ڵێت "له‌ ته‌یموور خۆش نه‌بوونه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ی دادگایان پێ سه‌یره".


له‌لایه‌ن داداگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر، بڕیاری ئازادكردن بۆ هه‌ردوو تۆمه‌تبار "ته‌یمور عه‌بدوڵا و حسێن محه‌مه‌د" ده‌ركراوه‌ كه‌ پێشتر به‌ تۆمەتی كوشتنی "نوری ره‌حیم" به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی دارستانی ناحیه‌ی تیله‌كۆ کە حوکمی هه‌تاهه‌تایی درابوون.

په‌خشان هیدایه‌ت خێزانی كوژراوه‌كه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ئاگایان له‌و بڕیاره‌ نییه‌ و پێیان سه‌یره‌ دادگا بڕیارێكی له‌و جۆره‌ی داوه‌ له‌كاتێكدا گه‌واهیده‌رو به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌رده‌م دادگادا بووه‌و پێشتر سزادراون"، بەوتەی پەخشان، "ئه‌وانەی ئازاد بوون،‌ كه‌سانی به‌رپرس و باڵایان له‌ پشته‌وه‌یه".

ئێواره‌ی ڕۆژی 15/1/2015، نوری ره‌حیم عه‌بدولكه‌ریم تاقانه‌ی ئه‌نفال و به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی دارستانی ناحیه‌ی تیله‌كۆ، له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كوژرا. 


په‌خشان هیدایه‌ت راشیگه‌یاند "هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه‌ دۆسیه‌كه‌یان خستوه‌ته‌سه‌ر "ئاسۆ عه‌لی" كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا بوو له‌ كاتی ته‌قه‌كردنەكە‌ كوژرا و وتویانه‌ "ئه‌وان ته‌قه‌یان له‌ یه‌كتركردووه‌و یه‌كتریان كوشتووه‌".

خێزانی تاقانه‌كه‌ی ئه‌نفال باسیشی له‌وه‌كرد، هاوسەرەكەی به‌هیچ جۆرێك ته‌قه‌ی نه‌كردووه‌.

هاوکات خه‌بات ره‌شید، به‌رێوه‌به‌ری مافی مرۆڤی گه‌رمیان و ئه‌ندامی لیژنه‌ی لێبوردنی گشتی ساڵی 2017، به‌ دوارۆژی راگه‌یاند "دۆسیه‌كه‌ی "ته‌یمور" په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ نییه‌و به‌ر لێبوردنی گشتیش نه‌كه‌وتووه‌".

خه‌بات ره‌شید وتیشی "ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو تۆمەتبارەکە سزای له‌ سێداره‌دانیان هه‌یه‌و لێخۆشبوونی كه‌سوكاری كوژراوه‌كه‌یان نییه‌، به‌ر لێبوردن ناكه‌ون".

ئه‌وه‌شی خسته‌رێوو، "ئه‌گه‌ر كه‌سوكاری "نوری ره‌حیم" له‌و دوو تۆمەتبارەش خۆشبن،  ئه‌وا سزاكه‌یان له‌ سێداره‌وه‌ ده‌گۆردرێت بۆ 15 ساڵ زیندانیی". 

ته‌یمور و حوسێن عه‌بدوڵا پاش 42 مانگ زیندانیی بە تۆمەتی کوشتنی نوری ره‌حیم" به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی دارستانی ناحیه‌ی تیله‌كۆ، ئازادكراون.

هێرش حه‌سه‌ن پارێزه‌ری خۆبه‌خشی ته‌یمور عه‌بدوڵا به‌ دوارۆژی راگه‌یاند "وه‌كو خۆبه‌خش له‌ گه‌ڵ پارێزه‌رێكی دیكه‌ بریكارییان وه‌رگرت و دۆسیه‌كه‌یان گرته‌ئه‌ستۆ و پاش پێداچوونه‌وه‌و چه‌ندین سه‌ردانی گه‌رمیان و خستنه‌ڕووی راستییه‌كان، له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بڕیاری ئازادكردنی ته‌یمور درا له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌: 

- له‌ رووداوه‌كه‌دا، نوری ره‌حیم پێشتر ته‌قه‌ی كردووه‌ له‌ ئاسۆ عه‌لی و برینداری كردووه‌، دواتر ئاسۆ ته‌قه‌ی له‌ نوری ره‌حیم كردووه‌و هه‌ردووكیان دواتر گیانیان له‌ ده‌ستداوه، ئه‌مه‌ به‌ پێی راپۆرتی پزیشكی دادوه‌ری كه‌لار. 

- له‌ كاتی شه‌ڕه ‌ته‌قه‌كه‌، ته‌یمور عه‌بدوڵا له‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ هاتووه‌ته‌ خواره‌وه‌و له‌ په‌نای تایەكەی خۆی حه‌شارداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گولـله‌ی به‌رنه‌كه‌وێت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ناو شه‌ره‌كه‌دا نه‌بووه‌. 

- شوێنی رووداوه‌كه‌ ته‌نها نوری ره‌حیم و ئاسۆ عه‌لی تێدا بووه‌و كه‌سی دیكه‌ وه‌كو خێزان و مناڵه‌كانی نوری ره‌حیم رووداوه‌كه‌یان به‌ چاوی خۆیان نه‌بینیوه‌. 

- هه‌ردوو كوژراوه‌كه‌ به‌ كڵاشینكۆف ته‌قه‌یان له‌ یه‌كتر كردووه‌و چه‌كی تر به‌كارنه‌هاتووه‌. 

هێرش حه‌سه‌ن وتیشی "له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ لە 29/5/2018 دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی یه‌كی سلێمانی بریاری ئازادكردنی بۆ ته‌یمور عه‌بدوڵاو حسێن محه‌مه‌د ده‌ركرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دۆسیه‌كه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ ئه‌و دادگایه".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure