وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌سه‌ر ده‌رمانی ساخته‌ دێته ‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 09/06/2018‌ :: 952‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
كۆنتڕۆڵی جۆری ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و ده‌رمانه‌ ساخته‌یه‌ی له‌ بازاڕه‌كان هه‌یه‌ شتێكی زۆر سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ نییه‌، چونكه‌ ماوه‌ی بیست ساڵه‌ دره‌مانی ساخته‌ ده‌هێندرێته‌ هه‌رێمی كوردستان.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنتڕۆڵی جۆری ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم له‌ راگه‌یەنراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات، كه‌ بەهۆی نوێ نه‌بوونی سیستم و دامەزراوه له هەرێمی کوردستان و عێراق، رێژەی دەرمانی قاچاخ و ساخته به بەراورد به وڵاتانی دیکه زۆرتره و زۆرجار بۆ کۆنتڕۆڵی ئەم دیاردەیه، جگه له کەڵک وەرگرتن له ئەزموونی وڵاتان، بۆ کێشەی تایبەت، رێوشوێنی نوێ بۆ چارەسەرکردنی دەگیرێتەبەر. 

بەپێی راگەیەنراوەكە، کێشەی دەرمانی ساخته و قاچاخ شتێک نییه تەنیا به حکومەت چارەسەر بکرێت و بگره هاوڵاتیان کۆڵەكەی سەرەکی ئەم پڕۆسەیەن. 

راشیگه‌یاندووه‌ "له ماوەی زیاتر له بیست ساڵی رابردوو، بازاڕی دەرمان بێ‌ سەروبەرییەکی زۆری هەبوو و بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، هەوڵی رێکخستنی ئەم بازاڕەی داوه، به تایبەت له دوو سێ ساڵی رابردوو هەوڵەکانی لەسەر ئەم پڕۆسەیه به تەواوی چڕکردۆتەوه، به جۆرێک توانیویەتی رێژەی دەرمانی قاچاخ و ساخته به شێوەیەکی بەرچاو له بازاڕەکان کەمبکاتەوه لەو پێناوەشدا چەندین کۆمپانیا لەم چەند ساڵەی دواییدا و به ئێستاشەوه داخراون یان خراونەته لیستی رەش و چەندین کەسیش دراونەتەته دادگا".

له‌باره‌ی رێگرییه‌كان له‌ ده‌رمانی ساخته‌ له‌ كوردستان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ڵێت "ئەوە رێژە دەرمانه قاچاخەی ئێستا لەو بازاڕه هەیه شتێکی زۆر سەیرو سەمەره نییه، چونکه شتێک که زیاتر له دوو دەیه بێسەروبەریی تێدابووبێت، به ماوەی سێ ساڵ بنه‌بڕ ناکریت، بۆیه‌ ماوه‌یه‌كی زۆرترمان پێویسته‌".

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات، ئه‌و جۆره‌ دەرمانانه‌ نه‌كڕن كه‌ بێ ستیکەر ده‌فرۆشرێن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure