"سندوقەكانى ده‌نگدان لەدەستی ئەمیندا نین"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 958‌ جار بینراوە
عوسمان كاروانی

دواڕۆژ، سامان قوبادی
 لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا عوسمان كاروانی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، پێویستە چوار لایەنەكە كۆتایی بە هەندێك كێشەی ناوخۆیان بهێنن و بتوانن یەك لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان پێكبهێن، دەشڵێت "تا ئەنجامی سكاڵاكان و جیاكردنەوەی دەنگەكانمان بەدەست نەگات، لەگەڵ یەكێتی و پارتی كۆنابینەوە".


دواڕۆژ: پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە هەژماركردنەوەی سەرجەم دەنگەكان بەدەست، رای یەكگرتوو لەمبارەیەوە چییە؟
عوسمان كاروانی:
بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران سەركەوتووە، وەكو یەكگرتوو دەستخۆشییان لێدەكەین كە نەیانهێشت ئەو بەرئەنجامە ساختەكارییەی كە لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا راگەیەندرا تا سەر بڕوات، بۆیە پێمانیوایە دەستكەوتێكی گەورەیە.

دواڕۆژ: دوای جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان بەدەست ئەگەر ئەنجامەكان بە دڵی ئێوە نەبوو، لە حكومەتدا بەشداردەبن؟
عوسمان كاروانی:
لە ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستاندا سندوقەكان لەدەستی ئەمیندا نین. لە شەقامی عێراقیدا هەڵبژاردنی 12ی 5 شكستی خواردووە، ئەو بەروارە ڕۆژێكی رەشە، چونكە ئیرادەی تاكی تێدا پێشێلكرا. ئێمە 315 لاپەڕەمان بە بەڵگەوە نارد بۆ كۆمسیۆن لە بەغدا، ئەمە بەشی ئەوەی دەكرد كەوا سەرجەمی هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێنرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەنجامەكان دوای ئەوەی بەدەست جیادەكرێتەوە بەدڵی ئێمە نەبێت، ئەوكات هەر چوار لایەنەكە كۆدەبینەوە و بڕیاری خۆمان دەدەن، دەبێت ئەمە رووبدات ئەوكات قسەی خۆمان دەكەین.

دواڕۆژ: لە چەند رۆژی رابردوودا هەست بەوەدەكرا یەكگرتوو بەراورد بە سێ لایەنەكەی تر زۆر جەخت لە ساختەكارییەكان ناكاتەوە و نەرمتر مامەڵە دەكات، هۆكار چییە؟
عوسمان كاروانی:
بەپێچەوانەوە، یەكگرتوو بەهیچ شێوەیەك نەرمی نانوێنێت لەسەر ساختەكارییەكان. راگەیاندنی یەكگرتوو لەگەڵ راگەیاندنی سێ لایەنەكەی تر هەماهەنگیمان هەیە. لە بەغداش بۆ یەك دەقە دوانەكەوتووین لە هەڵوێست و وێستگەكان لەگەڵ لایەنەكانی تر. یەكگرتوو یەكێك بوو لەو هێزانەی كە زۆر بە باشی ئەم پرسەی جووڵاند، چونكە یەكەمین هێزی بە ئامانجگیراوین لە ساختەكارییەكان.

دواڕۆژ: كێ ئێوەی كردووەتە ئامانج؟
عوسمان كاروانی:
حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان.

دواڕۆژ: ئایا كەمكردنی دەنگەكانتان پەیوەندیی بە هاوهەڵوێستیتان نییە لە هەندێك پرس لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەتایبەت لەگەڵ پارتی؟ 
عوسمان كاروانی:
لەو رۆژەوە یەكگرتوو دامەزراوە تائێستا لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بووین نەك دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنبوون بەوە دەپێورێت كە پشتمان لە داخوازیی خەڵك نەكردووە. جگەلەوەی دووجار لەگەڵ پارتی ڕووبەڕووبووینەتەوە، لە دوو هەڵبژاردنی جیاوازدا بارەگامان سووتێنراوە و سەكردەمان شەهید كراوە، لە دواهەمین وێستگەیشدا لە حكومەت كشاینەوە.

دواڕۆژ: بەڵام گۆڕان لە حكومەت كرایەدەرەوە، ئێوە هەڵوێستێكی ئەوتۆتان نەبوو؟
عوسمان كاروانی:
مەودای نێوان ئێمە گۆڕان و كۆمەڵ بۆ كشانەوە لە حكومەت تەنها 20 رۆژی فەرق بوو.

دواڕۆژ: تاكەی لەبەری سێ لایەنەكەی تر دەمێننەوە؟ دەوترێت رەنگە یەكگرتوو لێیان جیابێتەوە، بەو پێیەی بەگوێی توركیا دەكات، قسەتان لەمبارەیەوە چییە؟
عوسمان كاروانی:
حیزبێكی خۆماڵێن، ئێمە پەلكێشی توركیا و ئێرانمان نەكردووە و لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەواندا نین، هەنگاوەكانی رابردوو بەڵگەی ئەوەن كە  توركیا لە هەنگاوەكانی رابردوودا لەگەڵ زۆر پرسی كوردستانیدا نەبووە، بەڵام ئێمە لەگەڵیدا بووین، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیدا لەسەر بنەمای پارێزگاریكردنی ئەو وڵاتانەیە لە بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵكی كوردستان، بۆیە ئێمە هەر لەم بەرەیەدا بووین و دەبین، ئەمەش ستراتیژی كاری خۆمانە و لە بەرژەوەندیی یەكگرتوودایە. چوار لایەنەكە بەهۆی ئەو ستەمەی لێمانكراوە باشتر لێك نزیكبووینەتەوە، دەبێت ئەم بەرە هاوبەشە هەندێك كێشەی ناوخۆی خۆمان كۆتایی پێبهێنن، بتوانین بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بكەین، یان لە دوای هەڵبژاردنەكان هاوكاری یەكتربین.

دواڕۆژ: تا ئەنجامی هەڵبژاردنەكە یەكلاینەكرێتەوە ئایا پێشوازی لە وەفدی پارتی و یەكێتی دەكەن؟
عوسمان كاروانی:
دەبێت بەرئەنجامی سكاڵاكان بكەوێتەوە دەستمان، ئەگەر نا بارودۆخی ناوماڵی لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە و قسە لەسەركردنی ئەو دۆخە هەڵناگرێت. هەماهەنگیمان لەگەڵ سێ لایەنەكەی تر هەیە تا وەڵامی سكاڵاكان وەرنەگرینەوە و نەگەینە وێستەیەك شایەنی دانوستان بێت، لەگەڵ یەكێتی و پارتی كۆنابینەوە.

 دواڕۆژ: ئێوە و گۆڕان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا دوو گوتاری دژ بەیەكتان هەبوو، ئێستا لە یەك بەرەدان، چی دەڵێن لەمبارەیەوە؟ 
عوسمان كاروانی:
گوتاری ئێمە و لایەنە سیاسییەكان لە هەڵبژاردندا جیاوازە، هەر لایەنێكی سیاسی دەیەوێت كاروچالاكیی خۆی بخاتەڕوو لەپێناو بڕواپێهێنانی جەماوەر و كۆكردنەوەی دەنگ، بۆیە ئاساییە جاوازیی لە گوتارماندا هەبێت، چونكە ئێمە گۆڕان نین و ئەوانیش یەكگرتوو نین، بەڵكو كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش هەیە كە هەموومان كۆدەكاتەوە. گرنگە ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لەنێوانماندایە گەشەی پێ بدەین، تاوەكو بتوانین سیستمی حكومڕانی هەرێم بگۆڕین.

دواڕۆژ: دروستكردنی لیستی هاوبەش لەنێوان چوار لایەنەكە پڕۆژەیە یان تەنیا قسەیە؟
عوسمان كاروانی: تەنها قسەیە، هیچ لایەنێك بڕیاری رەسمیی نەداوە. پێكهێنانی لیستی هاوبەش لە دەسەڵاتی سەركردایەتی و ئەمینداری یەكگرتوودایە، ئێمەی لەگەڵ ئەوەداین ئەم بەرە هاوبەشەی كە هەیە و بڕوامان پێیەتی، بەردەوام بین بە كاری هاوبەش.

دواڕۆژ: پێشتر لە زۆر پرسدا هاوهەڵوێست بوون لەگەڵ پارتی، بە نموونە لە ریفراندۆمدا، وەكو خۆتان باسی دەكەن زوڵمیان لێكردوون بەوەی دەنگی ئێوەیان بردووە،  ئایا یەكگرتوو جارێكی تر دەچێتەوە بەرەی دەسەڵات؟
عوسمان كاروانی:
ئێمە لەگەڵ پارتی هاوپەیمان نەبووین، ئەمە قسەی نەیارەكانی یەكگرتووە، بەڵكو پابەند بووین بە پڕۆگرامی حزبەكەی خۆمان، لە كۆنگرەی شەش و حەوتدا بڕیاری سەربەخۆیی كوردستان باسی لێوەكرداوە، بۆیە هاوپەیماننەبووین لەگەڵ پارتی تا بڵێن ئەچینەوە لای یان نا.

دواڕۆژ: كەواتە چیتر یەكگرتوو بە قسەی توركیا و پارتی ناجووڵێتەوە؟
عوسمان كاروانی:
یەكگرتوو سەربەخۆترین حیزبی كوردستانییە، ئەگەر سەر بە توركیا بوینایە دەبوایە پشتگیریی ریفراندۆممان نەكردایە، چونكە توركیا دژی بوو، لە پرسی متمانە وەرگرتنەوە لە هۆشیار زێباری ئەندامەكانمان لەپەرلەمان دەستیان بەرزكردەوە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لێی، چونكە وەزیرێكی گەندەڵ بوو. 

دواڕۆژ: هەڵوێستی یەكگرتوو چییە لەسەر هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی كوردستان؟
عوسمان كاروانی:
لە داگیركردنی عەفرین بەیاننامەی ئیدانەمان هەبوو، ئێستاش ئیدانەی هەر وڵاتێكی هەرێمی دەكەین كە هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە بەشێك لەو وڵاتانە كە دێنە ناو خاكی هەرێم ئاسانكارییان بۆ كراوە لەلایەن یەكێك لە پارتە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure