ئاراس شێخ جه‌نگى له‌باره‌ى ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان هۆشداری دەدات.. ئامادەین بکوژرێین

هەواڵ / کوردستانی :: 09/06/2018‌ :: 42503‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
كادرێكى پێشكه‌وتووى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژى هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانن به‌ده‌ست به‌تایبه‌تى له‌ كه‌ركوك، ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ ده‌ستى ده‌وڵه‌تێكى له‌پشته‌ و ئێمه‌ ئاماده‌ین له‌پێناو ئه‌و بابه‌ته‌ لە كه‌ركوك بكوژرێین نه‌ك قبوڵى بكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراق، ئاراس شێخ جه‌نگى، كادرى پێشكه‌وتووى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت "ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى عێراقه‌، ئه‌مه‌ كارى كۆمسیۆنه‌ و له‌ سه‌رو ئه‌ویشه‌وه‌ دادگاى فیدڕاڵى هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌بێ دادگاى فیدڕاڵى ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌".

وتیشى "من باوه‌ڕم وایه‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا دادگاى فیدراڵى عێراق بڕیارى به‌ ده‌ست ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان یه‌كلایى بكاته‌وه‌".

ئاراس شێخ جه‌نگى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ئێمه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژى پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ده‌نگى پێشمه‌رگه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانین به‌ده‌ست، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌دیاریكراوى له‌ هه‌رێم و كه‌ركوك بێت، به‌هیچ شێوه‌یەكیش قبوڵى ئه‌وه‌ ناكه‌ین له‌جیاتى كۆمسیاران دادوه‌ر دابنرێت".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "به‌دیاریكراوى كه‌ ده‌یانه‌وێت كار له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانى كه‌ركوك بكه‌ن ئه‌مه‌ له‌ خزمه‌تى توركمانه‌، ئه‌وانه‌ى ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌یانه‌ دڵى توركمانه‌كان رازى بكه‌ن و دیاره‌ ده‌وڵه‌تێكى له‌پشته‌".

ئاراس شێخ جه‌نگى، جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ین ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌، ئاماده‌ین هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و له‌پێناو كه‌ركوك بكوژرێین نه‌ك قبوڵى كارێكى وابكه‌ین، كه‌ دژ به‌ كورد بكرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure