تام و بۆنى ئاوى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌گۆڕێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/06/2018‌ :: 1018‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ تام و بۆنى ئه‌و ئاوه‌ گۆڕاوه‌ كه‌ له‌ پرۆژه‌ى ستراتیژى دابینكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵانه‌وه‌ بۆ دانیشتووانى هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌زاى سه‌یدسادق و ناحیه‌ى سیروان دابینده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێى لاى هاوڵاتیان دروستكردووه‌.

عه‌دنان عه‌بدوڵا، هاوڵاتییه‌كى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ تام و بۆنى ئاوى خوردنه‌وه‌ى ماڵه‌كانى گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان گۆڕاوه‌ بۆ جۆرێك كه‌ بۆن و تامێكى ناخۆشى هه‌یه‌، زۆر ناچار نه‌بین ناتوانین به‌ كارى بهێنین بۆ خواردنه‌وه‌، تا ئێستاش لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار هۆكارى ئه‌م بابه‌ته‌یان بۆ هاوڵاتیان نه‌خستووه‌ته‌ ڕوو".

وتیشى "تامى ئاوى خواردنه‌وه‌ تامى خۆڵ و لیته‌ ده‌دات، له‌ كاتێكدا پێشتر ئه‌و تام و بۆنه‌ى نه‌بوو كه‌ ئێستا دروستبووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێى لاى هاوڵاتیان دروستكردووه‌ به‌جۆرێك له‌ڕووى ته‌ندروستییه‌وه‌ مه‌ترسى له‌سه‌رژیانمان دروست بكات".

له‌و باره‌یه‌وه‌ كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى ڕووبارى سیروان بڕێكى زۆر قه‌وزه‌ دروستبووه‌، هاوكات به‌ مه‌به‌ستى پاككردنه‌وه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ ڕۆژانه‌ كلۆر ده‌كرێته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى كارلێككردنى كلۆره‌كه‌ و قه‌وزه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى تام و بۆنى ئاوه‌كه‌ بگۆڕێت، به‌ڵام له‌ڕووى ڕه‌نگه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كى نییه‌، هاوكات ڕۆژانه‌ نمونه‌ى ئاوى خوردانه‌وه‌ى ماڵان ده‌برێته‌ تاقیگه‌ى تایبه‌ت و له‌وێ پشكنینى بۆ ده‌كرێت".

جێگرى پاێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ هه‌موو ئه‌و پشكنینانه‌ى كه‌ بۆ ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان كردومانه‌ له‌وه‌ دڵنیابووینه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ مه‌ترسییه‌كى ته‌ندروستى له‌ گۆڕینى تام و بۆنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان نییه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure