فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی لەسەر هەژمارنەكردنی دەنگدانی تایبەت هاتنە دەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 08/06/2018‌ :: 920‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
هەردوو فراكسیۆنی پارتی دیموكرات و یەكێتی نشتیمانی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر هەژمارنەكردنی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

فراكسیۆنی یەكێتی نشتیمانی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتوە "گرتنەبەری هەر رێكارێكی یاسایی بۆ  رازیكردنی ئەولایەنانەی رەخنەیان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، لەچواچێوەی دەستور و یاساو كاری كۆمسیۆندا بە مافی رەوای هەرلایەك دەزانین و پشتگیری لێ دەكەین".

لە راگەیاندراوەكە باس لەوەشكراوە "ئەگەر كاربگاتە ئەوەی دەست بۆ پیرۆزیەكانی میلەتەكەمان و شكۆی نشتیمانی و نەتەوەیمان ببرێت، بەهەمو شێوەیەك رەتی دەكەینەوەو دژی دەوەستین، ناكرێت لایەن و قەوارەی سیاسی كوردستانی داوابكات لەعێراق دەنگی تایبەتی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس  بسوتێنرێت".

لەلایەكی ترەوە فراكسیۆنی پارتی راگەیاندراوێكی لەسەر هەژمارنەكردنی دەنگدانی تایبەت بڵاوكردەوە و باس لەوەكراوە، كە ئەو هەوڵانەی لە پێناو رەواندنەوەی گومانەكاندا دراون، بە ئاراستەی خراپدا براون، بە جۆرێك كە هەرێمی كوردستان كراوە بە ئامانج و لە ڕێی درووستكردنی گومانەوە، هەوڵی ڕەتكردنەوەی دەنگە تایبەتەكان دەدرێت، كە دەنگی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆن.

لە بەشێكی تری راگەیاندراوەكە هاتووە "هەندێك لایەنی سیاسی كوردستان لە پشت ئەم هەوڵەوەن و وەك بەشێك لە جوڵێنەری ئەم پرسە دەردەكەون، هەوڵدان بۆ رەتكردنەوەی دەنگی ئەو هێزانە، بێڕێزیكردنە لە بەرانبەر یەكێك لە گەورەترین پیرۆزی گەلەكەمان، كە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی ناوخۆن".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure