سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی: پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ ئەمریکا بەھێز دەکەین

هەواڵ / ئابوری :: 08/06/2018‌ :: 657‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەھێزدەکەن و بەم نزیکانە کۆنفرانسێکی ئابوری بۆ بازرگانانی ئەمریکا لە هەرێم رێکدەخەن.


سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە ئەمریکا-وە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لەگەڵ نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامی عبدلرەحمان کۆبوینەوە بۆ قسەکردن لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەکان لەنێوان ھەرێم و ئەمریکا".

وتیشی "لەئێستادا لەھەوڵداین بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی بازرگانی گەورە لەھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەمریکا بەتایبەت بۆ کۆمپانیا گەورەکان کە لە بوارە جیاوازەکاندا کاردەکەن تا لەو ڕێگەیەوە پەیوەندی دروستبکەین بۆ بەھێزکردنی کارە بازرگانی و ئابوریەکان لەنێوان بازرگانان و سەرمایەدارانی ھەردوولا".

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە ئەمریکا سەرقاڵی ڕێکخستنی گەشتێکی گەورەی بازرگانانی ئەمریکان بۆ ھەرێمی کوردستان کە کۆنفرانسێکی ئابوری گەورە ڕێکبخرێت و ئاشنایانبکەن بە ھەرێم و بتوانن دڵنیاببنەوە لە ئارامی و ئاسایشی کوردستان بۆھاندانیان تا کارەکانیان لەکوردستان ئەنجام بدەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure