فه‌نزویلا نرخى نه‌وت به‌رزده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 07/06/2018‌ :: 513‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه‌ له‌كردنه‌وه‌ى بازاڕه‌كانى ئه‌مریكادا، نرخه‌كانى نه‌وت به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌گه‌رى وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى فه‌نزویلا، له‌كاتێكدا كه‌ نه‌وتى كۆگاكراوى ئه‌مریكا بۆ ئاستێكى پێوانه‌یی نوێ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.


كاتژمێر 6:00ى ئێواره‌ به‌كاتى هه‌ولێر، نه‌وتى خاوى برێنت به‌رێژه‌ى 1.80% به‌رزبووه‌وه‌و به‌رمیلێك به‌ 76 دۆلار و 73 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، نه‌وتى خاوى خۆرئاواى تێكسایش (WTI) به‌رێژه‌ى 1.59% به‌رزبووه‌وه‌و به‌رمیلێك به‌ 65 دۆلار و 76 سه‌نت فرۆشرا.

ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌ راپۆرتێكدا رایگه‌یاند، فه‌نزویلا كه‌ ئه‌ندامى رێكخراوى (ئۆپیك)ه‌ له‌ به‌نده‌رى سه‌ره‌كى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت، ماوه‌ى مانگێك باركردنى نه‌وت دواده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر بازاڕه‌كان ده‌بێت.

رۆیته‌رز رونیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌شتییه‌كانى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن بۆ باركردنى 24 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى خاو كه‌ هه‌مان ئه‌و بڕه‌ له‌مانگى نیساندا باركراوه‌، ئه‌وه‌ش قه‌یرانی كه‌ڵه‌بوونى باركردن دروستده‌كات، كۆمپانیاى نه‌وتى فه‌نزویلاش به‌ كڕیارانى راگه‌یاندوه‌ كه‌ بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌ حاڵه‌ نائاسایی راده‌گه‌یه‌نێت.

هاوكات ئیداره‌ى زانیارى وزه‌ى ئه‌مریكا، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ له‌ نوێترین راپۆرتیدا رایگه‌یاند هه‌فته‌ى رابردوو به‌رهه‌مى نه‌وتى رۆژانه‌ى ئه‌مریكا 30 به‌رمیل زیادیكردووه‌، به‌گشتى ئێستا گه‌شتووه‌ته‌ 10.80 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure