سه‌عدی پیره‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ئاشكراكرد

هەواڵ / کوردستان :: 07/06/2018‌ :: 2146‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
له‌دواى كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی، سه‌عدی پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتی هه‌ڵوێستی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست راگه‌یاند.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ى حوزه‌یرانى2018، سه‌عدى پیره‌ وته‌بێژى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان رایگه‌یاند، له‌هه‌ولێر له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تیان ئه‌نجامداوه‌و باسیان له‌ گه‌ڵاڵه‌كردنى پرۆژه‌یه‌ك كردووه‌ له‌باره‌ى به‌شداریكردنى كورد له‌ پرۆسه‌ى سیاسى داهاتووى عێراق و پێیانباش بووه‌ كورد به‌ یه‌ك هێزه‌وه‌ به‌شدارى بكات.

وتیشى "هه‌ندك لایه‌نى تریش سكاڵایان له‌ سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق تۆماركردووه‌، دواى ئه‌نجامى سكاڵاكانیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش كۆده‌بینه‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، یه‌كێتى پێشنیارى كردووه‌ كورد به‌ یه‌كریزى به‌شدارى حكومڕانى عێراق بكات و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن به‌ یه‌ك فراكسیۆن له‌ په‌رله‌مانى عێراق كار بكه‌ن.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى تاوتوێى بڕیارى په‌رله‌مانى عێراقمان كرد له‌ باره‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگدانى تایبه‌ت و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، پێمانوابووه‌ بڕیاره‌كه‌ نایاساییه‌و وه‌ك یه‌كێتیش كێشه‌مان جێبه‌جێكردنى یاسا نییه‌، به‌ڵام به‌ رێكارى خۆى، په‌رله‌مانیش بۆى نییه‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كارى كۆمسیۆن بكات".

هۆشداریشیدا له‌وه‌ى گه‌ر هاتوو ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن گۆڕانكارى به‌سه‌ردابێت، وا ده‌كات ئه‌منیه‌تى یاسا نه‌مێنێت، به‌ تایبه‌ت له‌ شاره‌كانى خوارووى عێراق، چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ پارێزراوه‌.  

داواشى له‌ به‌رپرسانى سیاسى كورد كرد خۆیان نه‌خه‌ گۆشه‌یه‌كى مردووه‌وه‌ له‌ عێراق.

ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ى له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى دوێنێى په‌رله‌مانى عێراق ئاماده‌بوون نزیكه‌ى 100 په‌رله‌مانتاریان له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگیان نه‌هێناوه‌و ده‌رنه‌چوون".  

سه‌باره‌ت به‌ پرسى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مانى كوردستان وتى "له‌گه‌ڵ پارتى باسمان له‌و بابه‌ته‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو باس له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێم كراوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق پێكه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت".

له‌ باره‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆماریشه‌وه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، ده‌بێت یه‌كێك له‌ سێ پۆسته‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق بدرێت به‌ كورد، ئه‌وكاته‌ قسه‌ى له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین.

له‌ باره‌ى رێككه‌وتنى نێوان گۆڕان و یه‌كێتیش وتى "رێككه‌وتنه‌كه‌مان به‌رده‌وامه‌و له‌داهاتووش گه‌ر بمانه‌وێت جارێكیتر كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی باس له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌كات په‌یوه‌ندی به‌ ناكۆكی ناوخۆی ئه‌و حزبه‌وه‌ هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى ده‌ستگیركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك وتى، "بڕیارى ده‌ستگیركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم  سیاسییه‌و وه‌ك یه‌كێتى دژى بڕیاره‌كه‌ین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure