سه‌عید كاكه‌یى زانیاری نوێ له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌خاته‌ڕوو

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 07/06/2018‌ :: 5754‌ جار بینراوە
سه‌عید كاكه‌یى

دواڕۆژ، سامان قوبادى
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا، سه‌عید كاكه‌یى ئه‌ندامى ئەنجومەنی كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق 'کە ئەنجومەنەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە سڕکراوە' ئاشكرای ده‌كات، گره‌نتى به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ ده‌نگى ناو سندوقه‌كان ده‌ستكاریى نه‌كرابێت، چونكه‌ هه‌ر په‌ڕاوێكى ده‌نگدان باركۆدێكى پێوه‌یه‌، ده‌شڵێت "پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌و ئه‌ژماركردنى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست سێ هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت و ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌گۆڕێت".


دواڕۆژ: دواى بڕیارى په‌رله‌مانى عێراق بۆ جیاكردنه‌وه‌و ژماردنى سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، كه‌ى پرۆسه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات؟ 
سه‌عید كاكه‌یى:
ده‌ستپێكردنى ئه‌ژمارى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌كه‌وێته‌سه‌ر ئه‌و دادوه‌رانه‌ى كه‌ ده‌بنه‌ جێگره‌وه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆن، بڕیاره‌ ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ نۆ دادوه‌ر ده‌ستنیشان بكرێن، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك دادوه‌رێك ده‌ستنیشان ده‌كرێت تا كاره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان راپه‌ڕێنێت، بۆیه‌ دواى ئه‌وه‌ى شوێنى خۆیان ده‌گرن و ئه‌ركه‌كانیان پێسپێردرا، ئه‌وكات ده‌ست به‌ ئه‌ژمار و جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌كه‌ن.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا ده‌ست به‌ جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنى ده‌نگه‌كان ده‌كرێت؟ چه‌ند ڕۆژى پێویسته‌ بۆ كۆتایهێنان و راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كان؟
سه‌عید كاكه‌یى:
ئه‌گه‌رێكى زۆر به‌هێز هه‌یه‌ له‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو پڕۆسه‌كه‌ ده‌ستپێبكات، ماوه‌ى سێ هه‌فته‌یش ده‌خایه‌نێت.

دواڕۆژ: سندوقه‌كان له‌ كوێن و كێ سه‌رپه‌رشتى مه‌یدانیى ده‌كات؟ 
سه‌عید كاكه‌یى:
سندوقه‌كان له‌ كۆگاكانى كۆمسیۆنن له‌ پارێزگاكان، پرۆسه‌كه‌ له‌ پارێزگاكانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات به‌ ئاماده‌بوونى بریكار و چاودێرى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌ سه‌رپه‌رشتى دادوه‌ره‌كان و كارمه‌ندان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش.

دواڕۆژ: كۆى ژماره‌ى سندوقه‌كان له‌ عێراق چه‌نده‌؟ 
سه‌عید كاكه‌یى:
له‌ هه‌موو عێراقدا 52 هه‌زار و 939 سندوق هه‌یه‌، سه‌رجه‌میان جیا و ئه‌ژمار ده‌كرێنه‌وه‌.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر سندوقێك 80%ى ده‌نگه‌كانى بۆ لایه‌نێك رۆیشتبێت، ئایا ده‌نگه‌كانى ناو ئه‌و سندوقه‌كه‌ ره‌تده‌كرێنه‌وه‌؟
سه‌عید كاكه‌یى:
به‌ بڕیارى كۆمسیۆن هه‌ر سندوقێك 80%ى ده‌نگدانى تێدا بوو، ئه‌و سندوقه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ و قرتێله‌ى سوورى لێده‌درێت تا ئه‌و كاته‌ى دڵنیابن كه‌ ئه‌و سندوقه‌ 75%ى ده‌نگه‌كانى بۆ لایه‌نێك نه‌ڕۆیشتبێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ لایه‌نێك رۆیشتبێت ده‌نگى ناو سندوقه‌كه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئایا هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ده‌كرێت؟

سه‌عید كاكه‌یى: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كۆى پرۆسه‌كه‌ هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌رچوو كه‌ 51%ى ساخته‌كاریى تێدا نه‌كراوه‌، ئه‌وا پرۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌ له‌وه‌ كه‌متر بوو، واته‌ 35% بوو، ئه‌وا ده‌نگه‌كان پووچه‌ڵ ده‌كرێنه‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ به‌گشتى سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ساخته‌كاریى و رووداوى ناخۆش هه‌بووه‌ كه‌ له‌مێژووى عێراقدا نه‌بووه‌.

دواڕۆژ: ئایا به‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، واته‌ پێچه‌وانه‌ى ئێستا ده‌بێته‌وه‌؟، گه‌ره‌نتى چییه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوودا ده‌نگى ناو سندوقه‌كانیش ده‌ستكارى نه‌كرابێت؟
سه‌عید كاكه‌یى:
گه‌ره‌نتى هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ر په‌ڕاوێكى ده‌نگدان باركۆدێكى پێوه‌یه‌، باركۆده‌كه‌یش دووباره‌ نه‌بووه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌موو عێراق و ته‌نانه‌ت له‌ بنكه‌كانى ده‌نگدان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیش، هه‌ر په‌ڕاوێكى ده‌نگدان باركۆدى له‌سه‌ر نه‌بێت فه‌رامۆش ده‌كرێت، هه‌ر په‌ڕاوێكیش له‌چوارچێوه‌ى ده‌فته‌ره‌كه‌ ون بووبێت، ئه‌وا به‌رپرسى وێستگه‌ یاخود بنكه‌ یان نوسینگه‌كه‌ لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ره‌نگه‌ بدرێته‌ دادگا، جگه‌ له‌وه‌ پرۆسه‌كه‌یش به‌ سه‌رپه‌رشتى دادوه‌ره‌كان و ئه‌و كارمه‌ندانه‌یه‌ كه‌ له‌ ساخته‌كاریی نه‌گلاون، بێگومان ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، چونكه‌ هه‌ر ساخته‌كارییه‌ك كه‌ ده‌كرێت مه‌به‌ستى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامێكى هه‌ڵه‌ بخاته‌ڕوو، به‌ڵام كاتێك ئه‌ژمارى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستى بكرێت پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ دێته‌ ئاراوه‌، رێژه‌ى ساخته‌كارى له‌ ده‌نگه‌كان 25%ه‌ كه‌ ره‌نگه‌ كه‌متر یان زیاتر بێت، به‌پێى ئه‌وه‌ گۆڕانكاریى له‌ كاندیده‌كاندا ده‌كرێت.

دواڕۆژ: له‌ ئه‌گه‌رى پێچه‌وانه‌ى ئه‌نجامه‌كان ئایا ئه‌وانه‌ى كۆمسیۆن كه‌ لێى به‌رپرسیارن، له‌ دادگا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟
سه‌عید كاكه‌یى:
ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ئه‌ركى به‌رقه‌راركردنى یاسایه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش  به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ڵده‌سێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، پاشان ئه‌وه‌ى كه‌مته‌رخه‌م یان تاوانبار بووبێت، به‌پێى یاسا سزاده‌درێت.

دواڕۆژ: ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى كۆمسیۆن كه‌ گومانیان له‌سه‌ره‌ ئایا راگیراون یان له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان؟
سه‌عید كاكه‌یى: جارى پرۆسه‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌، ئێمه‌ وه‌كو نۆ كۆمسیار له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان له‌ كاره‌كانمان سڕكراوین، كه‌ پرۆسه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، ئه‌وه‌ى كه‌مته‌رخه‌م بووبێت و له‌سه‌رى ساغبێته‌وه‌ كه‌ ده‌ستكاریى ده‌نگ یان ساخته‌كاریى كردبێت راده‌پێچرێت بۆ دادگا و سزاى خۆى وه‌رده‌گرێت.

دواڕۆژ: ئایا به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ى تۆمه‌تى ساخته‌كارییان به‌سه‌ردا ساغببێته‌وه‌ ده‌خرێنه‌ لیستى ره‌شه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداریى هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن؟
سه‌عید كاكه‌یى:
لیستى ره‌شمان نییه‌، به‌ڵام به‌پێى یاسایى ژماره‌ 45ى ساڵى 2013ى هه‌مواركراوى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، هه‌ر لایه‌نێك یان كاندیدێك له‌ ساخته‌كارییه‌وه‌ گلابێت سزا ده‌درێت، قورسترین سزایش دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ یان كاندیده‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن. 

دواڕۆژ: ده‌بێت رۆڵى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مریكا له‌ دووباره‌ جیاكردنه‌وه‌و ئه‌ژماركردنى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، چۆن بووبێت؟
سه‌عید كاكه‌یى:
  تا ئه‌و راده‌یه‌ى من ئاگاداربم هه‌ڵوێستێكى باشیان هه‌بووه‌. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە