یه‌كێتى داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى پارتی ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 07/06/2018‌ :: 32537‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ فه‌رمى داواى له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان كرد هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ مانگى (12) كانونى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ دوابخرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى و پارتى له‌ هه‌ولێر به‌ فه‌رمى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى كردووه‌ بۆ مانگى 12ى ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، یه‌كێتى داواشى كردووه‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ردوو داواكه‌ى یه‌كێتى، پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ یه‌كێتى ڕاگه‌یاندووه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكومه‌ت تاوتوێى ده‌كه‌ن پاشان وه‌ڵامى یه‌كێتى ده‌ده‌نه‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، یه‌كێتى پێیوایه‌ ناكرێت هاووڵاتیان له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگێك بچێته‌سه‌ر سندوقى ده‌نگدان، پێویسته‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆبكرێته‌وه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت، به‌ تایبه‌ت هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانیش له‌ مانگى 12 ئه‌نجامده‌درێت ده‌بێته‌ دوو هه‌ڵبژاردن".

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ بۆ ماوه‌ى دوو مانگ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت و په‌رله‌مانیش ماوه‌ی یاسایى خۆى درێژبكاته‌وه‌.

له‌باره‌ى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان دوێنى چوارشه‌ممه‌ 7ى حوزه‌یران سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، وادەی یاسایی ھەڵبژاردنی كوردستان تەواو دەبێت و بەپێی یاسا دەبێت ھەڵبژاردن بكرێت، وادەی ھەڵبژاردنیش لەلایەن سەرۆكایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دیاركراوەو وادەیەكی گونجاوە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، سەرۆكی حكومەتیش ناتوانێت بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردن بدات، چونكە لە دوو خولی پەرلەمان كە درێژكرابووەوە كۆتایی پێدێت، ئەوكاتە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت، دەبێت ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure