لەسلێمانی بەدواداچون بۆ نرخ و کوالیتی دەرمان دەستیپێکرد

هەواڵ / ئابوری :: 07/06/2018‌ :: 802‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،زریان محەمەد
 لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی نرخ و کوالێتی دەرمان لە شاری سلێمانی راگەیەندراو قایمقامی سلێمانیش دەڵێت "ھەردەرمانخانە و نۆرینگەیەک پابەندنەبێت بەمەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لیژنەی ھاوبەشی تەندروستی لە شاری سلێمانی راگەیەندراو ئەرکی لیژنەکە لەپاڵ بەدواداچون بۆ کوالێتی دەرمان رێگریکردن دەبێت لە زیادکردنی نرخ و نەھێشتنی ئەو جیاوازییەی کە لە نرخی دەرماندا لە دەرمانخانەو نۆرینەگەکاندا بەدی دەکرێت".

ڕاشیگەیاند "لە ھەفتەی داھاتووەوە لیژنەکە دەستبەکار دەبێت و سەردانی ھەموو دەرمانخانەو نۆرینگەکان دەکات و بەووردی بەدواداچون دەکات بۆ کوالێتی و نرخی دەرمان و ھەر شوێنێک پابەند نەبێت رووبەڕووی سزایی یاسایی دەبێتەوە".

ئاوات محەمەد وتیشی"سەرەتا لیژنەکە بە ئاگادارکردنەوە و دواتر سزای دارایی دەست پێدەکەن و ئەگەر دەرمانخانەو نۆرینگەکان پابەند نەبوون شوێنەکانیان دادەخرێت و دواین ھەنگاویش رووبەڕوو کردنەوەی ئەو شوێنانە دەبێت بە دادگا کە پابەند نابن".

لە بەشێکی تری کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا د.سەباح ھەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند لیژنەکە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا پێکھاتووە و ھەموو دەسەڵاتێکیان دەبێت بۆ رێکخستنی نرخ و رێگریکردن لەدەرمانی کوالێتی خراپ .



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure